دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

یەشار گولەر؛ ئاسایشی سوریا بە ئاسایشی خۆمان دەزانین و پشتگیریی ئۆپەراسیۆنی حەلەب دەکەین

هەرێم نیوز

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، لە لێدوانێکی نوێدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پێشهاتەکانی شاری حەلەب ڕاگەیاند و پشتگیریی ئەنقەرەی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی حکوومەتی سووریا دووپات کردەوە.

وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی سووریا ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر"ی لە حەلەب دەستپێکردووە بە مەبەستی پاراستنی نەزمی گشتی و دابینکردنی سەلامەتی بۆ هاووڵاتییان. گولەر گوتی: "ئێمە پێشوازی لەم ئۆپەراسیۆنە دەکەین کە هەموو گرووپە تیرۆریستییەکان دەکاتە ئامانج."

یەشار گولەر جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا ئاسایشی سووریا بە ئاسایشی خۆی دەزانێت و پشتگیریی خۆی بۆ دیمەشق نیشان دا لە شەڕی دژی ڕێکخراوەکان، ئەوەش لەسەر بنەمای پڕەنسیپی "یەک دەوڵەت، یەک سوپا و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا."

ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگریی تورکیا گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ و ستراتیژییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرە بەرانبەر دیمەشق. تورکیا کە ساڵانێکی زۆر پشتگیریی ئۆپۆزسیۆنی سووریای دەکرد، ئێستا بە ئاشکرا پشتگیری لە هێرشەکانی سوپای سووریا دەکات، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە هێزە کوردییەکانی تێدایە. ئەم نزیکبوونەوەیەی ئەنقەرە و دیمەشق ئاماژەیە بۆ ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر بۆ لێدانی قەوارەی کورد لە باکووری سووریا و حەلەب. بەکارهێنانی چەمکی "ئاسایشی سووریا بە ئاسایشی خۆمان دەزانین" نیشانەی ئەوەیە کە تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ شەرع هەڵکردووە تاوەکوو بە زەبری هێز کۆتایی بە دەسەڵاتی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP