هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٢٨ـەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی میدیاکاران دەکات و داوایان لێدەکات بە شێوەیەکی "بەرپرسیارانە" کار بکەن و پارێزگاری لە قەوارەی دەستووریی هەرێم بکەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم "وەک هەمیشە پابەندە بە داکۆکیکردن لە ئازادیی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی" و ئامادەیی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانییەکی پێویست بۆ ڕاگەیاندنکاران لە پێناو ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا ئومێدی خواست کە ڕۆژنامەنووسان بە شێوەیەکی پیشەیی و بەرپرسیارانە کار بکەن و یاسا و ئیتیکی ڕۆژنامەگەری و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەبەرچاو بگرن. وتیشی: "دەبێت ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان بگێڕن."
سەرۆکی حکومەت داوای لە میدیاکاران کرد کە هاوکار بن لە چەسپاندنی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، وەک بەشێک لە ئەرکە نیشتمانییەکانیان.
ئەم پەیامەی سەرۆکی حکومەت لە کاتێکدایە کە ساڵانە لە یادی ڕۆژنامەگەریدا، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕاپۆرتی جیاواز لەسەر ئاستی ئازادییەکان بڵاودەکەنەوە و داوای فەراهەمکردنی ژینگەیەکی سەلامەتتر بۆ میدیاکاران دەکەن.