دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: ڕۆژنامەگەریی ئازاد هاوبەشێکی کاریگەری حکومڕانیی باشە

هەرێم نیوز

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ١٢٨ـەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا، جەخت لە فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئازاد بۆ میدیاکاران دەکاتەوە و دەڵێت: "پابەندین بە پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین وەک بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسی."

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ١٢٨ ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) و ٢٨ ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کرد. تێیدا سڵاوی بۆ گیانی "شەهیدانی ڕۆژنامەگەری" و ئەو پێشەنگانە نارد کە تەمەنیان بۆ وشەی ئازاد تەرخان کردووە.

سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو و دوور لە هەر کۆتوبەندێک بۆ کاری میدیایی. جەختیشی کردەوە کە دەبێت "مافی دەستگەیشتن بە زانیاری مسۆگەر بێت و پارێزبەندیی پیشەیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین بکرێت."

نێچیرڤان بارزانی داوای لە میدیاکاران کرد بەوپەڕی ڕاستگۆیی و پیشەگەرییەوە کار بکەن و بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن. وتیشی: "ڕۆژنامەگەریی ئازاد و بوێر، هاوبەشێکی کاریگەری بنیاتنانی حکومڕانییەکی باش و دادپەروەرە."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێم داوای کرد ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن و لێبوردەییدا بگێڕن و برەو بە گیانی نیشتمانپەروەری بدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP