دواین هەواڵ

جیهان‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ مۆڵەتی ٣ ڕۆژ دەداتە ئێران: ژێرخانی نەوتیتان دەتەقێنمەوە

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە تەنیا سێ ڕۆژ مۆڵەت دەداتە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی بێنە پای دانوستان، ئەگەرنا تەواوی ژێرخانی نەوتیی ئەو وڵاتە دەتەقێنێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی 4ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ترەمپ وتیشی: "ئێمە هەموو کارتێکمان بەدەستەوەیە و ئێران هیچی نییە، ئەگەر دەیانەوێت دانوستان بکەن دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئامانجی سەرەکییان ڕێگریکردنە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەگەر ئەوەش بەدی نەیەت، هیچ هۆکارێک بۆ دانوستان نامێنێتەوە.

ترەمپ هۆشداریی دا و وتی: "تەنیا ٣ ڕۆژ مۆڵەت بە ئێران دەدەم، ئەگەرنا ژێرخانی نەوتییان دەتەقێنمەوە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە ململانێ ناوخۆییەکانی دەسەڵات لە تاران کرد و وتی: "ململانێیەکی زۆری ناوخۆیی لە ناو ڕژێمی ئێراندا هەیە.

ئێمە بە سەرکەوتوویی لەم بارودۆخە دەردەچین." هەروەها بێئومێدیی خۆیشی لە هاوپەیمانیی "ناتۆ" دەربڕی، چونکە بە وتەی ئەو، لە پرسی ئێراندا هاوکاریی پێویستی ئەمریکایان نەکردووە.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوەی ئەوان بەرامبەر ئێران دەیکەن، خزمەتە بە ئاشتیی جیهان و ڕایگەیاند: "ئەگەر ناچار بووینایە لە ئێران درێژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بدەین، بە تەواوی و زۆر بە خێرایی لەناومان دەبرد."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP