هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە هەواڵی بەئامانجگرتنی سعوودیە بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەربڕی، و ڕەتیکردەوە کە هیچ درۆنێک لەناو خاکی عێراقەوە هەڵدرابێت یان تێپەڕ بووبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی 5ـی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی سعوودیە دەکەن لە ڕێگەی سێ درۆنەوە.
وەزارەتەکە ئاشکرای کرد کە دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکانیان دەستیان بە ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی وردەکاریی ڕووداوەکە، و بە توندی جەختی لەوە کردەوە کە ئامێرەکانی بەرگریی ئاسمانی و ڕاداری عێراق هیچ زانیارییەکیان تۆمار نەکردووە کە ئاماژە بێت بۆ تێپەڕبوون یان هەڵدانی ئەو درۆنانە لەناو خاکی وڵاتەکەیەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەغدا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سعوودیە کردووە کە هاوکارییان بکەن و زانیارییەکانیان لەگەڵدا ئاڵوگۆڕ بکەن، تاوەکو پێکەوە بگەنە زانیارییەکی ورد و ڕاست بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی هەردوو وڵات بکات.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەسەر قووڵایی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان بەغدا و ڕیاز کردەوە، و دووپاتی کردەوە کە هەڵوێستی وڵاتەکەیان نەگۆڕە لە ڕەتکردنەوەی هەر هێرشێک کە وڵاتانی دراوسێ بکاتە ئامانج و دژی هەر کارێکن کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دوای ئەوە دێت کە دوێنێ یەکشەممە، تورکی مالیکی،وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ڕایگەیاندبوو، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویانە ڕێگری لە سێ درۆن بکەن و تێکیان بشکێنن، کە بە وتەی ئەو، لە سنووری ئاسمانیی عێراقەوە دزەیان کردبووە ناو خاکی سعوودیە.