دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی نوێی باڵی سەربازیی حەماسی لە غەززە ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٧ی ئایاری ٢٠٢٦)، سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە (شاباک) لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، کوژرانی فەرماندەی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسیان لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە ناوەندی شاری غەززە بە فەرمی ڕاگەیاند.

بەپێی بەیاننامە هاوبەشەکە، ئۆپەراسیۆنەکە لە ڕێگەی هێرشێکی چڕی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر چەند باڵەخانەیەک لە نێو شاری غەززە ئەنجامدراوە کە وەک حەشارگەی نهێنی بەکاردەهێنران؛ لە ئەنجامدا "محەممەد عۆدە"، فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس لە کەرتی غەززە کراوەتە ئامانج و کوژراوە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە کوژرانی ئەم فەرماندەیە دوای تێپەڕبوونی تەنیا دوو هەفتە دێت بەسەر وەرگرتنی پۆستی فەرماندەیی باڵی سەربازیی بزووتنەوەکە.
تەلئەڤیڤ جەختی کردووەتەوە کە هێرشەکە دوای چاودێرییەکی ورد و چڕی هەواڵگریی چەند مانگی ڕابردوو هاتووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هاوکات لەگەڵ حەشارگەکەی عۆدە، شوقەیەکی تەنیشت باڵەخانەکەش کراوەتە ئامانج؛ لە ناو ئەو شوقەیەدا یەکێک لە بەشداربووانی سەرەکیی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر بووە کە ناو و ناسنامەی لە لیستی یاریدەدەرە هەرە نزیکەکانی محەممەد عۆدەدا تۆمارکرابوو.

دەزگای شاباک ئاشکرای کردووە کە عۆدە پێشتر بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی بزووتنەوەی حەماس بووە، و ئەرکی سەرەکیی داڕشتنی پلان، کۆکردنەوەی زانیاری و هەماهەنگیکردنی ئامانجەکانی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی لە ئەستۆ بووە. ناوبراو بە یەکێک لە دوایین سەرکردە باڵا و کاریگەرەکانی باڵی سەربازی دەزانێت کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی شەڕی مەیدانیی دژی هێزەکانی ئیسرائیلی دەکرد.

سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی کردووەتەوە، کە کوژرانی محەممەد عۆدە گورزێکی ستراتیژی و کوشندەیە بۆ تەواوی ئەو هەوڵانەی بزووتنەوەکە لە ئێستادا بۆ بنیاتنانەوەی هێزە سەربازی و مەیدانییەکانی لە ناو کەرتی غەززەدا دەیدات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP