هەرێم نیوز
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، کە نابێت بەغدا چی دیکە بۆ خەرجکردنی شایستەی دارایی کارمەندان داوای ١٢٠ ملیار دیناری ڕەق و تەق وەک پارەی ناوخۆیی بکات، چونکە داهاتی هەرێم بە هۆی ڕاگرتنی نەوتەوە زۆر کەمیکردووە.
ئەمڕۆ شەممە، ٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دێلفی، قوباد تاڵەبانی لە بارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی هەرێمەوە ڕایگەیاند، پارتی و یەکێتی بەبێ یەکتر ناتوانن حکوومەت پێکبهێنن و وڵات بەڕێوە ببەن.
ئاماژەی بەوەش دا کە ئێستا هەمووان چاویان لە یەکێتییە بۆ دروستکردنی کابینەی نوێ و ئەوانیش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە و دابەشکردنی بەرپرسیارێتی ئامادەن.
تاڵەبانی وتیشی: "لە ئێستادا ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان گرنگ نییە، بەڵکوو پێکهێنانی حکوومەتەکە گرنگە.
وتیشی، ئێمە زۆر قۆناغمان لەگەڵ پارتی بڕیوە و گفتوگۆی باشمان ئەنجامداوە."
ناوبراو پێکنەهێنانی حکوومەتی نوێی بە زیان بۆ سەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان ناوەزەند کرد و جەختی کردەوە کە ڕێڕەوی کاری یەکێتی ئەوەیە بە زووترین کات کابینەی نوێ دەستبەکار بێت.
لەبارەی هەناردەی نەوت، ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا تەنیا ٧٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێتە دەرەوە.