دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆک وەزیرانی پاکستان: ئەمریکا و ئێران گەیشتنە دەقی کۆتایی ڕێککەوتنی ئاشتی و لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا واژۆ دەکرێت

هەرێم نیوز

شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان بە فەرمی ڕایگەیاند کە واشنتن و تاران گەیشتوونەتە دەقی کۆتایی ڕێککەوتنی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ هاوكات ئاشکرای دەکات کە وڵاتەکەی خۆی ئامادە دەکات بۆ تێپەڕاندنی ڕێکارە ئەلیکترۆنییەکانی واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا.

ئامادەکارییەکان بۆ واژۆکردنی ئەلیکترۆنیی ڕێککەوتنەکە
ئەمڕۆ شەممە (١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە پەیامێکی فەرمیدا تیشکی خستە سەر بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان و ڕایگەیاند: "هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران دوای گەیشتن بە دەقی کۆتایی، لەسەر چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا ڕێککەوتوون."

سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوەش دا، لە ئێستادا ئیسلام ئاباد سەرقاڵی تەواوکردنی ئامادەکارییەکانە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بە شێوازی ئەلیکترۆنی، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا جێبەجێ بکرێت، و دواتریش لە ماوەی هەفتەکەدا گفتوگۆکان لەسەر ئاستی تەکنیکی بەردەوام دەبن. شەریف متمانەی تەواوی خۆی دەربڕی کە ئەم هەنگاوە مێژووییەی نێوان واشنتن و تاران، ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا دادەمەزرێنێت.

گەشبینیی تاران و مەزەندەکانی واشنتن
ئەم پەرەسەندنە کتوپڕە پاش ئەوە دێت کە ڕۆژی هەینی، ئەمریکا و ئێران نزیکبوونەوەی خۆیان لە گەیشتن بە بڕیاری کۆتایی ڕاگەیاند. لەو چوارچێوەیەدا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند: "هەر کاتێک قۆناغەکانی کۆتایی دانوستانەکانمان تەواو بوو، ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا واژۆ دەکرێت و ڕادەگەیەنرێت، من زۆر گەشبینم و ئەم ڕێککەوتنە سەرەتاییە بە ڕوونی نیشانی دەدات کە ئێران بەهێزتر لەم ململانێیە هاتووەتە دەرەوە."
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا لە واشنتن ئاشکرای کردووە، ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا لە نێوان ٨٠% بۆ ٨٥% دایە، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ١٠٠%.

پاشخانی جەنگ و زیانە ئابوورییە جیهانییەکان
ئەم جەنگە گەورەیە کە لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا سەریهەڵدا، قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەیاندە لووتکە؛ لە ئەنجامدا هەزاران کەس بەتایبەت لە ئێران و لوبنان گیانیان لەدەستدا و بەهۆی لێکەوتەکانی سەر بازرگانی و دەریاوانی، بناغەکانی ئابووری جیهانیش هەژان.

هەرچەندە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ٨ی نیسان بووە هۆی هێوربوونەوەی دۆخەکە، بەڵام پێدادانی پچڕپچڕ، بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی کەنداو، و هێرشە موشەکی و ئاسمانییە یەک لەدوای یەکەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ، دۆخەکەیان بە ئاڵۆزی هێشتبووەوە تا گەیشتنیان بەم چوارچێوە گشتییەی ئێستا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP