هەرێم نیوز
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتوونەتە دەقی کۆتایی ڕێککەوتنی ئاشتی و لە هەمیشە نزیکترن بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێ و گرژییانەی لە ناوچەکەدا هەن.
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی 6ـی 2026، شەهباز شەریف لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر، ستایشی ڕۆڵی گەورەی قەتەری کرد لە پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵە دیپلۆماتییانەی پاکستان لە ماوەی قەیرانی ناوچەکەدا پێشکەشی کردوون.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن و تاران ئامادەن بۆ ئەوەی بەمزوانە ئیمزا لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی بکەن، کە بە گوتەی خۆی، ئاشتی هەرگیز بەم ئەندازەیە نزیک نەبووە.
شەهباز شەریف لە پۆستێکی تایبەتدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاشکرای کرد، پاکستان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە، بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئیمزای لەسەر بکرێت و دواتریش لە هەفتەی داهاتوودا گفتوگۆی تەکنیکی لە نێوان لایەنەکاندا دەست پێ بکات.
ئەم پێشهاتە دیپلۆماتییە بە هەنگاوێکی مێژوویی دادەنرێت بۆ دابینکردنی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا، هاوکات لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وردەکارییەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ناوەکیی ئێران، دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنە سەرەتاییەکە لە ماوەی 60 ڕۆژدا یەکلا دەکرێنەوە.