هەرێم نیوز
دۆناڵد تڕەمپ ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نوێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێران بەتەواوی جیاوازە و وەک دیوارێک وایە بۆ ڕێگریکردن لەوەی تاران دەستی بە چەکی ناوەکی بگات، جەختیشی کردەوە کە سبەی یەکشەممە، 14ـی 6ـی 2026، ئەو ڕێککەوتنە ئیمزا دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی 6ـی 2026، دۆناڵد تڕەمپ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە پێچەوانەی حکوومەتەکانی پێشوو، لەم ڕێککەوتنە نوێیەدا هیچ بڕە پارەیەک بە ئێران نادرێت.
تڕەمپ وتی: "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێران زۆر جیاواز و باشترە، هیچ پارەیەک ئاڵوگۆڕ ناکرێت، بە پێچەوانەی ئەو سەدان ملیار دۆلارەی لە سەردەمی ئۆبامادا پێیان درا."
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، گەرووی هورمز بە ڕووی هەموو لایەکدا دەکرێتەوە.
لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانەوە، تڕەمپ هۆشداری دا کە لە کاتی گونجاودا، ئەوان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی (B-2)، ئەو پاشماوە ناوەکییانەی ئێران کە لەژێر شاخەکاندا شاردراونەتەوە، لەناو دەبەن.
تڕەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاواتەخوازن ڕەوتی ئەم ڕێککەوتنە بە خێرایی و بە ئاسانی بەڕێوە بچێت و دەخوازن لە داهاتوودا لەگەڵ ئێران و تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوکاری بکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمەریکا بژاردەی کۆتایی و بەهێزی هەیە کە هیوادارە هەرگیز ناچار نەبێت بەکاری بهێنێت.