هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لە ڕاپۆرتێکی بەپەلەدا پشتبەستن بە چوار سەرچاوەی دیپلۆماسی ئاشکرای دەکات، کە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران. ئەم هەنگاوە وەک گۆڕانکارییەکی تەکتیکیی گەورە لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت پاش ئەو هێرشە موشەکی و درۆنییانەی کە ئێران لە ماوەی ڕابردوودا کردیانە سەر دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی کەنداو، و هاوکاتیشە لەگەڵ گەیشتنی دانوستانەکانی تاران و واشنتن بۆ قۆناغی کۆتایی.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە پارەی بلۆککراوی نەوتی ئێران لە بانکە بیانییەکان لەخۆدەگرێت، کە پێشتر لە چوارچێوەی سزا قورسەکانی ئەمریکادا دەستیان بەسەردا گیرابوو. سەرچاوەکان دووپاتی دەکەنەوە کە ئیمارات ڕەزامەندی داوە لەسەر ئازادکردنی ١٠ ملیار دۆلار، و وەک قۆناغی یەکەمیش بڕی زیاتر لە ٣ ملیار دۆلاری ڕادەستی تاران کردووە.
دوو سەرچاوەی دیکەش ئاشکرایان کردووە کە کۆی گشتیی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە بانکەکانی ئیماراتدا دەگاتە ٢٠ ملیار دۆلار، و ئەم هەنگاوە کتوپڕەش تەنها لە پێناو ئەوەدایە کە ئێران سەرجەم هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر خاکی ئیمارات بە تەواوی ڕابگرێت.
بەرپەرچدانەوەی فەرمی و هەڵوێستی توندی واشنتن
لەسەر ئاستی فەرمی، وەزارەتی دارایی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا ڕەتیکردەوە کە هیچ پرۆسەیەکی حەواڵەکردنی پارەی بە بڕی ٣ ملیار دۆلار ئەنجام دابێت، بەڵام هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئیماراتی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە حەواڵەکردنی ئەو پارەیە لە لایەن وڵاتەکەیەوە تەنها بە مەبەستی هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و بەهێزکردنی پرۆسەی ئاشتی بووە لە ناوچەکەدا.
لەلایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم ڕێکارە داراییە بدات، بەڵام جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تونددا ڕایگەیاند: "هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئێران لە پێناو واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە یان بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکاندا خەرج ناکرێت؛ هەر جۆرە سوودوەرگرتنێکی ئابووری بۆ تاران تەنها بەستراوەتەوە بەوەی کە ئێران لەسەر زەوی پابەندییە ئەتۆمی و سەربازییەکانی خۆی جێبەجێ بکات."