دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

عەلی حەمە ساڵح لە ڕێگەی فەرمانگەی دادنووسەوە داوای گەڕاندنەوەی خەرجییەکانی هەڵبژاردن دەکات

هەرێم نیوز 

لە هەنگاوێکی نوێی یاساییدا، عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، لە ڕێگەی فەرمانگەی دادنووسەوە هۆشداریی کۆتایی داوەتە دوو پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی خەرجییەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانە مادی و مەعنەوییەکان.

بەپێی ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی کە لە بەرواری ٢٠٢٦/٠٤/٢١ لە فەرمانگەی دادنووسی یەکەمی سلێمانییەوە دەرچوون، هۆشدارییە یاساییەکان ئاراستەی هەریەک لە پەرلەمانتاران سارا موحسین قادر و سازگار فریق عەبدوڵڵا کراون.

بەپێی بەڵگەنامانەی دەست هەرێم نیوز کەوتوون ئەو دوو پەرلەمانتارە پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٤ گرێبەستێکیان لەگەڵ ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی واژۆ کردووە کە لە ٦ خاڵ و دوو لاپەڕە پێکهاتووە. 

بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا پابەندی خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە نەبوون، هۆشدارییان پێدراوە کە دەبێت سەرجەم ئەو پارە و تێچووانە بگەڕێننەوە کە لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردندا بۆیان خەرجکراوە، ئەگەرنا ڕووبەڕووی داوای یاسایی دەبنەوە بۆ قەرەبووکردنەوە.

ئەم ڕێکارە یاساییە لەلایەن پارێزەر (کارزان عەبدولفازڵ تۆفیق)، وەک بریکاری یاسایی عەلی حەمە ساڵح گیراوەتەبەر.

سەرەڕای ئەوەی عەلی حەمە ساڵح پێشتر ڕەخنەی توندی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان گرتووە، بەڵام لەم حاڵەتەدا بۆ سەلماندنی پێشێلکارییەکانی ئەو دوو پەرلەمانتارە و وەرگرتنەوەی مافەکانی ڕەوتەکەی، وەک تاکە ڕێگەی فەرمی و بەردەست پەنای بۆ هەمان ئەو دادگایانە بردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP