هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاساییی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، ڕێکارە یاساییەکان لەسەر دۆسیەی عەبدوللەتیف ئەحمەد دەستیان پێ کردووە و دۆسیەکە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکاندا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی 6ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە کاتی دەوامی فەرمیدا دۆسیەی لێکۆڵینەوەی دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا گەیشتووەتە وەزارەت، کە پێشتر لەلایەن زانکۆی سلێمانییەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە ئەنجام درابوو.
ئاماژە بەوەش کرا، لەسەر فەرمانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی یاسایی دەستیان بە کارەکانیان کردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی چەند ڕۆژێکە ژمارەیەک نامەی دەنگی و نووسراو لە سۆشیال میدیادا بڵاو دەبنەوە کە گوایە ناوبراو لەگەڵ کچێکدا قسە دەکات.
لە بەرامبەردا، عەبدوللەتیف ئەحمەد لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەو دەنگۆیانە بە تۆمەت و پڕوپاگەندەی ناڕەوا ناودەبات و بە توندی ڕەتیان دەکاتەوە و بە بوختانێکی گەورەی دەزانێت، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە ئەم چەواشەکارییانە کاریگەرییان لەسەر پەیامەکەی نابێت و بەرپرسانی ئەو کارانەش چاوەڕێی تۆڵەی خوا دەبن.