هەرێم نیوز
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پشتیوانیی خۆی بۆ هەنگاوە یاساییەکانی حکومەتی عێراق لە دژی گەندەڵی ڕادەگەیەنێت و داوای فراوانکردنی ئەم پرۆسەیە دەکات بۆ سەرجەم پارێزگاکانی وڵات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی 6ـی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتگیریی خۆی بۆ ئەو هەنگاوانە دەربڕی کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، بە هاوکاریی دەسەڵاتی دادوەری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی نراون.
فراکسیۆنەکە هیوای خواستووە ئەم پرۆسەیە تەنها لە بەغدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو سەرجەم پارێزگا و شارەکانی دیکەی عێراقیش بگرێتەوە.
فراکسیۆنی پارتی جەختی لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی تەواو لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری کردەوە و ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەر جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەک نیشان دا، لە پێناو دۆزینەوەی ڕاستییەکان و چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژەی بەوەش کردووە، هاوڵاتیان شایستەی پاکسازیی کارگێڕی و گێڕانەوەی مافە بەفیڕۆدراوەکانیانن، هەر بۆیە پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ هەر گەندەڵکارێک بەبێ جیاوازی دووپات کردەوە.