دواین هەواڵ

وەرزش‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

یوفا بڕیاری کۆتایی لەسەر حاڵەتە مشتومڕاوییەکەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید دا

هەرێم نیوز

یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا) کۆتایی بە مشتومڕە گەورەکەی وەرزی ڕابردووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا هێنا و ڕێنماییەکی توندی ئاراستەی ناوبژیوانان کرد کە هەر دەستلێدانێکی یاریزان لە ناوچەی سزای خۆیدا، دەبێت ڕاستەوخۆ وەک لێدانی سزا هەژمار بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ـی ئیسپانی، یوفا بڕیارێکی نوێی دەرکردووە کە وەک دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆ دەبینرێت بەو ناحەقییەی کە لە یاریی چوونی قۆناغی هەشتی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2025-2026 بەرامبەر یانەی بارسێلۆنا کرا، لە یارییەکەیاندا دژی ئاتلێتیکۆ مەدرید.

لەو یارییەدا، مارک پوبیڵ، بەرگریکاری ئاتلێتیکۆ، لە ناوچەی سزای خۆیاندا بە دەستی ڕاست تۆپەکەی گرت دوای پاسێکی خوان موسۆی گۆڵپارێز، بەڵام نە ئیستیڤان کۆڤاکسی ناوبژیوانی هەنگاری و نە ژووری (ڤار) هیچ بڕیارێکیان نەدا. ئێستا یوفا جەخت دەکاتەوە کە ئەم یاسایە پێویستی بە لێکدانەوە نییە و دەبێت ڕاستەوخۆ سزای لەسەر بدرێت.

لەو شەوەدا کە بارسێلۆنا بە ئەنجامی 2-0 یارییەکەی دۆڕاند، هانزی فلیک، ڕاهێنەری یانە کەتەلۆنییەکە، بە تووڕەییەوە ڕایگەیاندبوو: "تەکنەلۆژیای ڤیدیۆ ڕێک بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانە دانراوە و دەبوو لێدانی سزا و کارتی سووری لێ بکەوێتەوە." لە بەرامبەردا دیێگۆ سیمیۆنی، ڕاهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەرگریی لە بڕیارەکە کرد و پێی وابوو ناوبژیوان بە "لۆژیک" مامەڵەی کردووە نەک بە دەقی یاساکە. بەڵام بڕیارە نوێیەکەی یوفا لۆژیکەکەی سیمیۆنی ڕەت دەکاتەوە و کار بە دەقی یاساکە دەکات.

هۆکاری سەرەکیی دەستێوەردانەکەی یوفا دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی بڕیاری ناوبژیوانان لە یارییە جیاوازەکاندا؛ بۆ نموونە لە یاریی نێوان کڵەب برووج و ئاستۆن ڤێلادا لێدانی سزا بۆ حاڵەتێکی هاوشێوە هەژمار کرا، بەڵام لە یارییەکانی ئارسیناڵ بەرامبەر بایرن میونشن، و دواتریش بارسێلۆنا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، ناوبژیوانان چاوپۆشییان لێ کرد.

ئەمە دووەم هاوینە لەسەریەک یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتە لایەنێکی سەرەکی لە حاڵەتە گوماناوییەکانی چامپیۆنزلیگ. پێشتریش لە قۆناغی 16ـی وەرزی 2024-2025، گۆڵێکی جولیان ئەلڤارێز لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید ڕەت کرایەوە بەهۆی ئەوەی دووجار قاچی لە تۆپەکە دابوو. دوای چەند مانگێک یوفا بڕیاری دا کە لەو جۆرە حاڵەتانەدا لێدانەکە دووبارە دەکرێتەوە نەک گۆڵەکە ڕەت بکرێتەوە، ئەمەش جارێکی دیکە ئەوە دەسەلمێنێت کە زۆربەی بڕیارە مێژووییەکانی یوفا دوای زیانلێکەوتنی یانە گەورەکان دەردەچن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP