هەرێم نیوز
بەرپرسێکی باڵای ئێران بوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەک لە نێوان تاران و ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست ڕەت دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێککەوتنەکە لە بنەڕەتدا کاتی دەستپێکردنی نەبووە تا درێژ بکرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمریکا زمانحاڵی بەرامبەر تاران توندتر کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، ئاژانسەکانی هەواڵ لە زاری سەرچاوەیەکی ئێرانییەوە گواستیانەوە کە هیچ دانوستانێک لەگەڵ واشنتن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست ئەنجام نەدراوە. ئەو سەرچاوەیە ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی تەنیا 48 کاتژمێر دوای واژۆکردنی، ڕێککەوتنە کاتییەکەی پێشێل کردووە و دوای چەند ڕۆژێکیش بەتەواوی لێی کشاوەتەوە.
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە کە ئەو پرسانەی ئێستا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت جەخت لەسەر گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە و دیاریکردنی خشتەیەکی کاتیی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دەکەنەوە، لە هەمان کاتیشدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پێشکەوتنێک لەبارەی ئەم دوو پرسەوە بەدەست نەهاتووە.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هیچ متمانەیەکی بە ئێران نییە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا تەنیا ئەمریکا کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەکات. ترامپ دانوستانکارانی ئێرانی بە "زۆر فێڵباز" و "تەواو ناڕاستگۆ" وەسف کرد و وتی کە ئەوان لە ژوورە داخراوەکاندا ڕازی دەبن، بەڵام لە بەردەم میدیاکاندا ڕەتی دەکەنەوە.
لەسەر ئاستی مەیدانیش، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە تەقەیان لە کەشتییەکی بارهەڵگری جۆری "ڤیلا نۆڤا" کردووە کە ئاڵای پەنەمای هەڵگرتبوو. ڕوونیشی کردەوە کە کۆپتەرێکی ئەمریکی دوو مووشەکی ئاراستەی ژووری بزوێنەری کەشتییەکە کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی تیمەکەی هۆشدارییەکانیان پشتگوێ خستووە و هەوڵیان داوە لێکنزیک ببنەوە لە بەندەرێکی ئێرانی، کە ئەمەش وەک پێشێلکردنی ئەو گەمارۆیە دادەنرێت کە لەلایەن ئەمریکاوە سەپێنراوە.