هەرێم نیوز
فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری ئێف - 16ـی هێزی ئاسمانیی تورکیا لە کاتی ئەنجامدانی فڕینی ڕاهێناندا لە پارێزگای یالۆڤا کەوتە خوارەوە، و فڕۆکەوانەکەی بە بازدان لە ڕووداوەکە ڕزگاری بوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی 8ـی 2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی جۆری ئێف - 16 لە کاتی فڕینی ڕاهێناندا لە پارێزگای یالۆڤا تێکشکاوە، و فڕۆکەوانەکەیان بە بازدان ڕزگاری بووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد دیاری دەکرێت.
لەبارەی ڕووداوەکەوە ئەحمەد حەمدی ئوستا، پارێزگاری یالۆڤا بڵاویکردەوە، فڕۆکەکە لە کاتی فڕینی ڕاهێناندا تێکشکاوە و فڕۆکەوانەکەی سەلامەتە. ڕوونیشی کردەوە، ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی فریاگوزاری و تەندروستی گەیشتوونەتە شوێنەکە.
بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، دەستبەجێ ناوچەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە گەمارۆ دراوە تاوەکو تیمەکانی لێکۆڵینەوە پشکنینەکانیان ئەنجام بدەن و هۆکاری ڕووداوەکە دەستنیشان بکەن.
فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف - 16 بەشێکی گرنگی هێزی ئاسمانیی تورکیا پێک دەهێنن و زۆرجار لە بنکە ئاسمانییەکانەوە بۆ فڕینی ڕاهێنان و ئەرکی سەربازی بەکار دەهێنرێن.