هەرێم نیوز
شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، بەپێی نوێترین مۆدێلە درێژمەوداکان، وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ زووتر لە کاتی ئاسایی خۆی دەست پێ دەکات و بڕی بارانبارینەکەش لە سەرووی تێکڕای گشتیی ساڵانەوە دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی، 14ـی 8ـی 2026، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا ڕوو دەدات و بارانبارین لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراق دەست پێ دەکات.
شارەزای کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا شەپۆلی سەرتاسەری و بڕێکی زۆری بارانبارین ناوچەکە دەگرێتەوە، بەوهۆیەوە پێشبینی دەکرێت وەرزی کشتوکاڵیی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زووتر "پەڵە" بدات.