هەرێم نیوز
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، کە دەستیان بە پرۆسەی بڕینی پسوولەی بەشەخۆراکی پێنجەمی سەبەتەی خۆراک و سەبەتەی چاودێریی کۆمەڵایەتی کردووە، هاوکات داوا لە بریکارەکانی خۆراک لە بەغدا و پارێزگاکان دەکات سەردانی بنکەکانی فرۆشتن بکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان.
پاڵپشت بە ڕێنماییەکانی دکتۆر مستەفا نزار عانی، وەزیری بازرگانی، وەزارەتەکە داوای لە بریکارەکانی ماددە خۆراکییەکان کرد کە لە سبەینێوە 24ـی ئابی 2026، دەست بە ڕێکارەکانی بڕینی پسوولە بکەن لە بنکەکانی فرۆشتندا.
ئەندازیار لوما هاشم مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی ماددە خۆراکییەکان جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی بڕینی پسوولەکان بەپێی خشتە کاتییە پەسەندکراوەکان جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها تیشکی خستە سەر پێویستیی پابەندبوونی بریکارەکان بە ڕێنماییەکان و بەکارهێنانی ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی (POS)، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسانکاری و خێراکردنی پرۆسەی ئامادەکردن و دابەشکردنی خۆراک بەسەر هاووڵاتییاندا.
مووسەوی ڕوونیشی کردەوە کە سەرجەم پێکهاتەکانی سەبەتەی خۆراک پشکنینی وردی فیزیکی و تاقیگەییان بۆ دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و شیاوییان بۆ بەکارهێنان و گونجانیان لەگەڵ پێوەرە ستانداردەکان پێش ئەوەی دابەش بکرێن، تاوەکو دڵنیایی بدرێت کە خۆراکی سەلامەت و کوالێتی بەرز دەگاتە دەستی هاووڵاتییان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ڕێکارانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدایە بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی دابەشکردن و گەیشتنی بەشەخۆراک بەو کەسانەی کە شایستەن بەپێی ڕێکارە فەرمییەکان.