هەرێم نیوز
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، سەرسوڕمانی خۆی لە لێدوانەکانی دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراق بەرامبەر بە کۆمپانیای «کۆڕەک تیلیکۆم» دەربڕی و جەختی کردەوە کە کۆڕەک تاکە کۆمپانیایە خاوەندارێتییەکەی تەواو عێراقییە.
ئەمڕۆ، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند کە «کۆڕەک تیلیکۆم» یەکێکە لە کۆنترین و دامەزراوترین کۆمپانیاکانی پەیوەندی لە عێراق و تاوەکو ئێستاش تاکە کۆمپانیایە کە خاوەندارێتییەکەی عێراقیی پوختەیە و هیچ هاوبەشێکی دەرەکیی نییە، بەوەش ڕێکارەکانی بەغدا بەرامبەر کۆمپانیاکە بە پێچەوانەی بنەمای پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت دەزانن.
فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ڕێکارانەی بەرامبەر کۆمپانیاکە دەگیرێنە بەر زیان بە هاووڵاتییانی عێراقی دەگەیەنن.
لەو چوارچێوەیەشدا داوایان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن کرد دیالۆگ لە پێشینەی کارەکانی دابنێت و پابەندی یاسا و ڕێساکان بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمەلایەنە.
لە کۆتاییی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، فراکسیۆنی پارتی داوای کرد چارەسەرێکی دادپەروەرانەی کارگێڕی، دارایی و یاسایی بدۆزرێتەوە تاوەکو دڵنیایی بیدرێت لە دانانی سەرجەم شایستە داراییەکان و پارە نەدراوەکان بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەت.