دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ماڵپەڕێکی ئەمریکی: چەکی گرووپە چەکدارەکان لە جیاتی حکومەت ڕادەستی حەشدی شەعبی دەکرێت

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی «ئەل حوڕە»ی ئەمریکی لە زاری چەندین سەرچاوەی بەرپرسەوە بڵاوی کردەوە، لە بەغدا گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک سەبارەت بە پرسی چەکی گرووپە چەکدارەکان بەڕێوە دەچێت، تاوەکو بە شێوازێک یەکلایی بکرێتەوە کە نە حکومەت و نە گرووپەکان تووشی گوشار و شەمەزاری نەکات.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە، لە ئێستادا دەستەواژەی «ڕێکخستنی چەک» لە جیاتی «ڕادەستکردنی چەک» بەکار دەهێنرێت. 

ئەندامێکی تیمی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە کە وادەی 30ـی ئەیلول کە پێشتر بۆ داماڵینی چەک دیاری کرابوو نەگۆڕ ناپێژرێت و پێشنیازەکانی دواخستنی وادەکە نزیک بوونەتەوە لە جێبەجێکردن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە دوای سەردانەکەی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ بەغدا، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆکوەزیراندا دروست بووە تاوەکو چەکی گرووپەکان ڕادەستی دەستەی حەشدی شەعبی بکرێت وەک دامەزراوەیەکی فەرمی، نەک ڕاستەوخۆ تەحویلی حکومەت بدرێت؛ چونکە تاران پێیوایە حکومەتی عێراق لەلایەن واشنتۆنەوە ئاڕاستە دەکرێت.

لە لایەکی دیکەشەوە، عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، جەختی لە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و سپاردنی بە دەستەی حەشدی شەعبی کردووەتەوە. 

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لە دوا سەردانیدا بۆ بەغدا لە 10ـی ئابدا، بە سەرکردەی گرووپەکانی ڕاگەیاندبوو کە چەکەکانیان ڕادەست نەبکەن و ئاماژەی بەوە کردبوو کە «چەکی ڕادەستکراو چەکی ئێرانە».



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP