هەرێم نیوز
وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، نرخی بەنزین لە پارێزگاکەدا بە هیچ شێوەیەک گران نەبووە و دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناریش لە 16 بەنزینخانەدا بەردەوامیی هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی 8ـی 2026، بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕایگەیاند، لە ئێستادا لە سەرجەم بەنزینخانەکانی سلێمانی نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین وەک پێشترە و بە هیچ شێوەیەک گران نەبووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لەو وێستگانەی پێشتر دیاریکراون بەردەوامە، بەڵام ڕێکخستنەوەی بۆ کراوە؛ بە جۆرێک کە لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە دابەشکردنی ئەو جۆرە بەنزینە دەست پێ دەکات و تاوەکو تەواوبوونی ئەو بڕەی بۆ وێستگەکە دیاریکراوە، بەردەوام دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئەوەشی خستە ڕوو کە پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە نزیکەی 16 بەنزینخانەی سنوورەکەدا بەردەوامە و هاووڵاتییان دەتوانن سوودی لێ ببینن.