هەرێم نیوز
پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژانە چاودێریی کوالێتی و نرخی بەنزین دەکەن و دابینکردنی بەنزین و جێگیرکردنی بڕی خستنەڕووی لە بازاڕدا لە پێشینەی کارەکانی ئیدارەی پارێزگاکەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی 8ـی 2026، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمە نەوتییەکان و لیژنەکانی قایمقامییەت بەردەوام چاودێریی وێستگەکان دەکەن و لە ئێستاشدا هیچ سکاڵا یان گلەیییەکی فەرمی سەبارەت بە خراپیی کوالێتیی بەنزین تۆمار نەکراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات تەنیا پشت بە ڕای کەسی و لێکدانەوەی بەبێ بەڵگە نەبەستن و لە کاتی بەدیکردنی هەر سەرپێچییەکدا ڕاستەوخۆ لیژنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە تاوەکو ڕێکاری یاسایی بەپەلە بگیرێتەبەر؛ هەروەها جەختی لە گرنگیی هاوکاریی هاووڵاتییان کردەوە بە مەبەستی پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕ و بەردەوامیی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری.