هەرێم نیوز
کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگەی (وارماوا - دەربەندیخان) بەچڕی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 27٪ی کارەکانی جێبەجێ کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی 8ـی 2026، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پڕۆژەی ڕێگەی وارماوا - دەربەندیخان درێژییەکەی 31.6 کیلۆمەترە و پانیی هەر سایدێکی 8.5 مەتر دەبێت، کە بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، ڕێگەی نێوان سلێمانی، دەربەندیخان، کەلار و کفری بەتەواوی دەبێتە دووساید و ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە ئاسانکاریی هاتووچۆ و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.
ئاماژەی بەوەش کراوە، لە میانی جێبەجێکردنی کارەکانی پڕۆژەکەدا تاوەکو ئێستا 2 ملیۆن و 100 هەزار مەترسێجا کاری بڕین و 900 هەزار مەترسێجا کاری پڕکردنەوە ئەنجام دراوە؛ هەروەها پڕۆژەکە دروستکردنی 3 پردی کۆنکرێتیی دووساید، 16 ئاوبارەی گەورە، 44 ئاوبارەی بچووک و 600 مەتر دیواری ڕاگر لەخۆدەگرێت.
لە پاشخانی هەواڵەکەدا هاتووە، لە مانگی ئابدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو زیاتر لە 5.3 تریلیۆن دیناری عێراقی بۆ هەڵمەتەکانی ژێرخان تەرخان کراوە، کە تێیدا 1,271 پڕۆژەی خزمەتگوزاری تەواو کراون و نزیکەی 5,940 کیلۆمەتر ڕێگەوبانیش قیرتاو کراون.