هەرێم نیوز
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕاست بێت، ئەوا پێشهاتێکی ئەرێنییە، و جەختیش دەکاتەوە کە لە کاتێکدا پاراستنی ناسنامەی کورد گرنگە، لە هەمان کاتیشدا دەبێت ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا بگیرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی 8ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ئەگەر بابەتەکە وەک ئەوە بێت کە ڕاگەیەندراوە، بێگومان پێشهاتێکی ئەرێنییە و تەواوکەری ئەو هەنگاوانەیە کە ئەنقەرە لە ئێستادا بەتەمایە ئەنجامیان بدات.
فیدان ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتێکدا جەخت لە گرنگیی پاراستن و نکوڵینەکردن لە ناسنامەی کورد دەکەنەوە، هاوکات زۆر گرنگە ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا بگیرێت و پێشێل نەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەشی خستە ڕوو کە بوونی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچەکەدا بۆ ماوەیەکی درێژ، نەک تەنیا دژی بەرژەوەندییەکانی سووریا بووە، بەڵکو دژی تورکیاش بووە؛ بۆیە بۆ وڵاتەکەی، ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا بە هەمان شێوەی پاراستنی ناسنامەی کورد بابەتێکی گرنگە.