هەرێم نیوز
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی فەرمیی وەزیری نەوتی عێراق بڵاو دەکاتەوە کە تێیدا ڕایگەیاندووە ناتوانن بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، نووسراوێکی فەرمیی باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراقی بڵاو کردەوە.
بەپێی نووسراوەکەی وەزیری نەوتی عێراق، بەهۆی ئەو دۆخەی سەریهەڵداوە و بەرزبوونەوەی ئاستی بەکارهێنانی بەنزین لە پارێزگاکانی عێراق، وەزارەتەکەیان ناتوانێت بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.
لە سەرنجێکدا لەسەر نووسراوەکە، سیپان شێروانی ئاماژەی بەوە کردووە کە نووسراوەکەی وەزیری نەوت بۆ سێ ڕۆژ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، هاوکات ڕەخنەی گرتووە لەوانەی بەرگری لە وەزیری نەوت دەکەن و ڕایگەیاندووە، کە هەندێک کەس و بەرگریکاری وەزیر وەک "کوچک لە ئاگر گەرمتر" هێشتا دەڵێن وەزیر بەڵێنی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی داوە.