هەرێم نیوز
سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵات ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هەوڵەکاندا ژمارەیەک لە تێوەگلاوان لە کوشتنی شەڕڤانەکەی حەسەکە دەستگیر کراون و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی تەواوی تاوانباران بەردەوامن.
لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سیپان حەمۆ سەرەخۆشیی ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهید سیپان (سامی شێخموس حەسۆ) کرد کە شەڕڤان بوو لە لیوای حەسەکە و ڕایگەیاند، ناوبراو لە ئەنجامی تاوانێکی دڕندانە و خەیانەتکارانە شەهید بووە.
جێگری وەزیری بەرگریی سوریا سەرکۆنەی هەر وتارێکی دنەدانی میدیایی کرد کە داوای توندوتیژی دەکات و داوای لە هاووڵاتییان کرد ئارامگربن و بەدوای هەوڵەکانی فیتنەگێڕیدا نەکەون.
جەختیشی کردەوە کە سەرجەم دەستگیرکراوان و تاوانباران ڕادەستی دادگا دەکرێن تاوەکو بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.