دواین هەواڵ

جیهان‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

حووسییەکان کۆنتڕۆڵکردنی ٥,٤٠٠ کیلومەتر دووجا و خستنەخوارەوەی ٩ فڕۆکەیان ڕاگەیاند

هەرێم نیوز
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان وردەکاریی هێرشەکانیان دژی هێزەکانی سعودیە لە ناوچەی کەناراوی ڕۆژئاوای یەمەن ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، دەستیان بەسەر ڕووبەری ٥,٤٠٠ کیلومەتر دووجادا گرتووە و نۆ فڕۆکەشیان خستووەتە خوارەوە.

وردەکاریی زەرەر و زیانە سەربازییەکان
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، هێزەکانی سەر بە سعودیەیان لە شەش بەڕێوەبەرایەتیی سەر بە پارێزگاکانی تەعیز و حودەیدە، بە ڕووبەری ٥,٤٠٠ کیلومەتر دووجا دەرکردووە.
دەشڵێت، هێرشیان کردووەتە سەر حەوت فیرقەی سەربازیی سەر بە هێزەکانی سعودیە کە لە ٣٨ لیوای سەربازی پێکهاتبوون، هاوکات سەدان کەس لەو هێزانە کوژراون، بریندار بوون و بەدیل گیراون.
ئۆپۆراسیۆنە ئاسمانییەکان و ئاسایشی کەشتیوانی
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان باسی لەوەش کردووە، ٣٢ ئۆپۆراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی ئاسمانییان دژی فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە ئەنجام داوە و نۆ فڕۆکەیان خستووەتە خوارەوە.
لەسەر ئەو مەترسییانەی کە باس لە قەدەغەکردنی هاتووچۆی کەشتیوانی دەکەن، یەحیا سەریع گوتی، هاتووچۆی کەشتیوانیی دەریایی بۆ هەموو کۆمپانیاکان پارێزراو و سەلامەتە، جگە لە کەشتییە سعودییەکان.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP