دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی کارەبا: نزیکەی ٨٠٠ هەزار هاوبەش سوودیان لە داشکاندنی ٥٠٪ی قەرزی کۆن وەرگرتووە

هەرێم نیوز

نزیکەی ٨٠٠ هەزار هاوبەش لە سەرانسەری کوردستان سوودیان لە داشکاندنە تایبەتەکەی قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی وەرگرتووە، کە لە ڕۆژی سێی ئاب تاوەکو (١٠)ی ئەم مانگە بۆ ماوەی نزیکەی چل ڕۆژێک بەردەوام بوو.

داشکاندنی ٥٠٪ و ڕزگاربوون لە قەرزە کۆنەکان
ئەم داشکاندنە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەرانی کارەبا بە هەموو پۆلەکانەوە پەسەند کرابوو، بۆ ئەوەی بە یەکجاری لە قەرزی کارەبا ڕزگاریان ببێت، کە لە ڕێگەی داشکاندنێکی تایبەتەوە بە ڕێژەی (٥٠٪) جێبەجێ کرا و تاوەکو ئێستا لەناو دامودەزگاکانی حکوومەتدا وێنەی نەبووە.

پەیوەندیی داشکاندنەکە بە پڕۆژەی ڕووناکییەوە
ئەم داشکاندنە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی پڕۆژەی ڕووناکی و گواستنەوە لە قەرزە کۆنەکانەوە بۆ سیستەمێک کە تێیدا هەموو بەکارهێنەران بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری، بە بەردەوامی و لە کاتی خۆیدا کرێی کارەبا دەدەن.

جێگەی دڵخۆشییە زۆربەی ئەو هاوبەشانەی پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکە قەرزی کۆنیان هەبوو، توانیویانە سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن و قەرزەکانیان بدەنەوە.

بەردەوامیی پاڵپشتیی وەزارەت بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێر
وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان هاوبەشانی کارەبادا، لەسەر پشتگیریکردنی هاووڵاتییان و هاوبەشانی لە هەموو کەرتەکاندا بەردەوام دەبێت.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP