هەرێم نیوز
وەزیرانی دەرەوەی سوریا و تورکیا جەختیان کردەوە کە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە شایەتی پێشکەوتنی خێرا و بێوێنە بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی 9ـی 2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق ڕایگەیاند، گفتوگۆکانیان ئامانجی کاراکردنی لیژنەی باڵای هاوبەش بووە و دیمەشق ئاواتەخوازە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بگەیەنێتە ١٠ ملیار دۆلاری ساڵانە.
وەزیری دەرەوەی سوریا ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی بەرەو بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی هەنگاو دەنێت، هەروەها ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی سەروەریی سوریا تۆمەتبار کرد و داوای کشانەوەی هێزەکانی کرد.
لای خۆشیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئیسرائیلی بە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیریی سوریا تۆمەتبار کرد و ئاشکراشی کرد کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بەم زووانە سەردانی دیمەشق دەکات.