دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

نیویۆرک تایمز: ترەمپ لە دوا ساتدا فەرمانی بۆردومانکردنی حووسییەکانی هەڵوەشاندەوە

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، کە دوای هەوڵەکانی شازادەی جێنشینی سعودیە، بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئەمریکا بۆردومانی حووسییەکان بکات، بەڵام دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەو کاتەی فڕۆکە جەنگییەکان نزیک بوون لە ئاسمانی یەمەن تاوەکو بۆردومانی حووسییەکان بکەن، لە بڕیارەکەی پەشیمان بووەوە و فەرمانی گەڕانەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی دەرکرد.

ڕۆڵی بن سەلمان لە دەرکردنی فەرمانی هێرشەکە
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە هەوڵی زۆری خستە گەڕ و بەرپرسانی کۆشکی سپی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی کە واشنتن بۆردومانی حووسییەکان بکەن، لەسەر ئەو بنەمایەش فەرمانێک لەلایەن ترەمپەوە بۆ بۆردومانکردنی حووسییەکان دەرکرا.

پاشەکشەی فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاسمانی یەمەن
ئاماژە دراوە، کە لەو کاتەی فڕۆکە جەنگییەکان بە بۆمبی قورسەوە بەرەو ئاسمانی یەمەن دەڕۆیشتن تاوەکو حووسییەکان بۆردومان بکەن، ترەمپ بڕیاری پاشەکشە و کشانەوەی فڕۆکە جەنگییەکان و بۆردوماننەکردنی حووسییەکانی دا و لە بڕیارەکەی پەشیمان بووەوە.

کاریگەرییەکان لەسەر دۆخی دەریای سور
تاوەکو ئێستا هۆکاری پەشیمانبوونەوەی ترەمپ لە بۆردومانکردنی حووسییەکان ڕوون نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە حووسییەکان بەردەوامن لە پێشڕەوی بۆ سەر بەرزاییەکانی کەناراوی دەریای سور و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی بابولمەندەب.

واشنتۆن پێی باشترە تەنیا هاوکاریی هەواڵگریی پێشکەش بە سعوودییە، و بەپێی تۆڕی CNN، لە نێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ ڕاوێژکاری سەربازیی ئەمریکی لە سعودیە هەن و هاوکاری لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکاندا دەکەن.

لەگەڵ ئەمەشدا، پێنج سەرچاوەی سەربازی بۆ ئاژانسی "ڕوویترز" ڕایانگەیاند کە حوسییەکان هەوڵ دەدەن دەست بەسەر چیاکانی کەهبۆبدا بگرن کە کەناراوەکانی دەریای سور و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەن کە پارێزگاکانی تەعەز و لەحج لێک جیا دەکاتەوە.

کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ناوچانە ڕێگە بە حوسییەکان دەدات هێزەکانیان لە دەوروبەری گەرووی بابولمەندەب بپارێزن و کۆنتڕۆڵی تەواویان بەسەر یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی دەریاوانیی جیهاندا پێدەبەخشێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP