دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای پاسداران؛ دانوستان بە مانای خۆبەدەستەوەدان نایەت

هەرێم نیوز

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، تاران وەڵامی هەر لێدان و هێرشێکی سەربازی بە چەندین گورزی توند لە گۆڕەپانە جیاوازەکان و بە شێوازی هەمه‌جۆر دەداتەوە و دەشڵێت: "ئەگەر بەرژەوەندیی نیشتمانی لە تەنیست جەنگدا پێویستی بە ئەنجامدانی دانوستان بێت، ئەوە بە مانای خۆبەدەستەوەدان نایەت."

وردودرشتی هەواڵ
فەرماندەیی سوپای پاسداران لە پەیامێکی نوێیدا بڵاوی کردەوە، هەر یەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەم قۆناغەدا توانای خۆڕاگری و ئامادەییان بۆ چوونه‌ ناو جەنگێکی نوێ لەگەڵ ئێراندا نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزە چەکدارەکانی ئێران لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڵەیەکی ستراتیژی کە واشنتن و تەلئەبیب لە هەژمارکردنی هێزی ئێراندا بیکەن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی وا بخوازێت کە ڕێڕەوی دیپلۆماسی و دانوستان لە تەنیست ئامادەکاریی سەربازیدا بەردەوام بێت، ئەوە هەنگاوێکی ئاساییە، بەڵام ئەوە هرگیز بە مانای سازشکردن لەسەر مافە سەروەرییەکان و خۆبەدەستەوەدان لە بەرامبەر فشارەکانی ڕۆژئاوادا نییە.

سوپای پاسداران لە هەمان کاتدا پێداگری لەسەر ئەوە کرد، وەک دامەزراوەیەکی سەربازی هیچ جۆرە پەیوەندی و گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ سوپا و لایەنە سەربازییەکانی ئەمریکادا نییە و نابێت، تەنانەت ئەگەر لایەنی ئەمریکیش بە فەرمی داوای پەیوەندی لەو شێوەیە بکات.

لێدوانی پەیوەندیدار
لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە: "وەڵامی ئێران بۆ هەر دەستدرێژییەک تەنانەت لە یەک خاڵدا قەتیس نابێت، بەڵکو بە چەندین لێدانی یەکبەدوایەک لە گۆڕەپانی جیاوازدا نەیارەکانمان تووشی شۆک دەکەین؛ دوژمن دەبێت بزانێت کە دەستپێشخەری لە بەرگریکردن لە خاکەکەمان سنوور ناناسێت."

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش، سوپای پاسداران ڕوونی کردەوە: "ئەگەر بەرژەوەندیی گەلەکەمان وا بخوازێت لە پەنای ڕووبەڕووبوونەوەدا دانوستان بکرێت، دانوستان دەکەین، بەڵام جیهان دەزانێت تاران هیچ کات لە ژێر هەڕەشە و سەپاندنی سزاكاندا چۆک دانادات."

پاشخانی هەواڵ
پەیامە هەڕەشەئامێزەکانی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە لەم مانگی ئەیلوولەدا هەڵمەتە دیپلۆماسییەکان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستی پێ کردووە و شاندی سیاسیی ئێران بە سەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان هەوڵی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دەدات؛ هاوكات پەرەسەندنی مانۆڕە سەربازییەکان لە کەنداو و مەترسیی پێکدادان لە گەرووی هورمز، دۆخی ناوچەکەی خستووەتە بەردەم هاوکێشەیەکی هەستیاری لەیەکجیانەکراوەی سەربازی و دیپلۆماسی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP