دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا.. فڕۆکەیەکی کۆمپانیای ماهان ئێر لە چین نیشتەوە

هەرێم نیوز

سەرەڕای سزاکە نوێیەکانی ئەمریکا، فڕۆکەیەکی کۆمپانیای (ماهان ئێر)ـی ئێرانی لە چین نیشتەوە، و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینیش ڕایدەگەیەنێت کە وڵاتەکەی دژی سزای تاکلایەنەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە عێراق و عومان گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ تاران ڕاگرتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی 9ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، فڕۆکەیەکی بازرگانیی سەر بە کۆمپانیای (ماهان ئێر) لە تارانەوە گەشتی کردووە و لە باشووری چین نیشتووەتەوە.

 ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هۆشداریی دابوو لەمڕۆوە سەرجەم کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئێران لە جیهاندا لە کار دەخرێن.

 لەم بارەیەوە، گوۆ جیاکون، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە وەرگرتنی ئەو گەشتانە ڕایگەیاند، هەڵوێستی پەکین نەگۆڕە و بەتوندی دژی سزای تاکلایەنە و نایاساییەکانە. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (فلایت ڕادار 24)، فڕۆکەکە لە شاری گوانگژۆ نیشتووەتەوە، هەرچەندە لە وێبسایتی فەرمیی فڕۆکەخانەکەدا تۆمار نەکراوە.

پێشتر سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریی دابوو، ئەگەر فڕۆکە ئێرانییەکان لە هەر وڵاتێک بنیشنەوە، نابێت سووتەمەنییان پێ بدرێت، خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت، یان بلیتیان بۆ بفرۆشرێت، بەپێچەوانەوە ئەو وڵاتانە لە سیستەمی دۆلار بێبەش دەکرێن.

 لە بەرامبەردا مەجید ئەخەوان، وتەبێژی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی شارستانیی ئێران ڕایگەیاند، سزادانی 27 کۆمپانیای فڕۆکەوانی بە واتای وەستانی گەشتە دەرەکییەکان نایەت. 

هاوکات، ئاشکرا کراوە کە لە نیوەشەوی سێشەممەوە عێراق و عومان گەشتەکانی ئێرانیان بۆ بەغدا و مەسقەت ڕاگرتووە، و لە ئێستاشدا دەسەڵاتدارانی ئێران سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ ئەوەی گەشتەکانی بەغدا بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف بگۆڕن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP