دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

بانکی ناوەندی: یەک ملیار دۆلاری نەختینەیی دەگاتە عێراق بۆ بەهێزکردنی دینار

هەرێم نیوز
⠀
بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای دەکات، کە بڕی یەک ملیار دۆلاری نەختینەیی دەگاتە وڵات بە مەبەستی بەهێزکردنی بەهای دینار و کەمکردنەوەی خواست لەسەر دراوی قورس.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی 10ـی 2026، ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم لە زاری مەحموود داغر، ڕاوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندی و وتەبێژی بانکەکە بڵاویکردەوە، کە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران ڕۆڵی هەبووە لە ڕازیکردنی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ زامنکردنی گەیشتنی دۆلاری نەختینەیی بە عێراق.
⠀
وتەبێژەکەی بانکی ناوەندی ڕایگەیاند، زیادکردنی بڕی دۆلاری نەختینەیی سەقامگیریی بازاڕی ناوخۆیی بەهێز دەکات و خواست لەسەر دراو لە دەرەوەی ڕێکارە فەرمییەکان کەمدەکاتەوە.
⠀
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا قەبارەی یەک کاروانی دۆلار کە دەگاتە عێراق نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەبێت.
⠀
هەروەها پێشبینی دەکات کاروانی نوێی دۆلاری نەختینەیی بگاتە یەک ملیار دۆلار.
⠀
لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە زیادبوونی خستنەڕووی دراوی بیانی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی و سەقامگیریی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو.
⠀



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP