هەرێم نیوز
⠀
بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری لە هەوڵەکانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی دەدات و لایەنە عەرەبییەکان بە دابەشکردنی پارە و کڕینی دەنگ تۆمەتبار دەکات.
⠀
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی 10ـی 2026، بێنیامین نەتانیاهوو دوای بەشداریکردنی لە پرۆسەی دەنگداندا ڕایگەیاند، سێ بەرپرسی پارتی دیموکراتی عەرەبی بە فەردەیەک پارەی کاشەوە دەستگیر کراون، هاوکات جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش پشتڕاستی کردەوە کە چەند کەسێک بە تۆمەتی بەرتیلدان دەستگیر کراون، بەڵام ڕووداوەکە تەنیا لە یەک ناوچەی دیاریکراو بووە و حاڵەتی هاوشێوە لە شوێنی دیکە تۆمار نەکراوە.
⠀
لەلایەکی دیکەوە، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی پارتی گادی ئایزنکۆت سکاڵای ئەوەیان تۆمار کردووە کە کاغەزی دەنگدان لە هەندێک بنکە دڕێندراوە یان دزراوە، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕەتیکردەوە کە هیچ دەستکارییەکی سیستماتیک لە پرۆسەکەدا کرابێت و ڕایگەیاند بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەکان دەکەن.
⠀
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، پارتی یاشار بە بەدەستهێنانی ٢٣ کورسی لە پێشەنگدایە و پارتی لێکود بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهوو ٢١ کورسیی بەدەستهێناوە، هەروەها پارتەکانی دیکەی وەک توگێزەر ١٥ کورسی و دیموکراتەکان ١٠ کورسییان بردووەتەوە، لە کاتێکدا پارتە عەرەبییەکانیش وەک لیستی هاوبەش و ڕەعام بەدوایەکدا نۆ و پێنج کورسییان مسۆگەر کردووە کە دەشێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا هەبێت.