هەرێم نیوز
گرووپی چەکداری نوجەبای عێراقی و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران پابەندبوونی خۆیان بە پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی دووپات کردەوە و ئامادەییی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی "یەکێتیی گۆڕەپانەکان" و تێپەڕاندنی سنوورە جوگرافییەکان ڕاگەیاند.
پەیامی گرووپی نوجەبا بۆ تاران
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، گرووپی نوجەبا کە یەکێکە لە دیارترین گرووپە چەکدارەکانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی دایەوە و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ چەمکی "یەکێتیی گۆڕەپانەکان" و خۆڕاگریی چەکدارانی ناوچەکە دەربڕی.
نوجەبا لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "پەیمانی پێ دەدەین کە لەسەر ڕێبازی سەرکردەی شەهید و ڕێبازی بەرگری لەگەڵیدا بەردەوامین و لەوپەڕی ئامادەییداین بۆ هەر گۆڕانکاری و پێشهاتێک لەم قۆناغەدا."
ڕێنیشاندانی بەپەلەی ئێران بۆ هێزە چەکدارەکان
ئەم هەڵوێستەی گرووپی نوجەبا دوای ئەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو موجتەبا خامنەیی ڕێنماییی دابووە سەرکردە باڵاکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، تاوەکو دەستبەجێ و بەبێ هیچ کۆتوبەندێکی جوگرافی وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراوی هاوپەیمانان بدەنەوە.
لێدوانی ئیسماعیل قائانی لەسەر چوونە نێو قۆناغی جێبەجێکردن
لە لایەکی دیکەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ئامادەییی هێزەکانی بەرەی چەکداریی ڕاگەیاند بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی رێبەری ئێران، بە تایبەتی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ نەیاران و تێپەڕاندنی کۆتوبەندە جوگرافییەکان.
قائانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەکە، ڕابەران و چەکدارانی بەرەکە وەفاداریی ڕەهای خۆیان بۆ یەکێتیی نێوان گۆڕەپانە جیاوازەکان نیشان داوە و لە بەرزترین ئاستدا دەستیان بە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی سەرجەم ڕێنمایییەکان کردووە.