هەرێم نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامی سەردانەکەی بەغدا، پڕۆژەیاسای بودجە و لێکەوتەکانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر کۆ دەبێتەوە.
تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجام دەدات. لە کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاکام و دەرئەنجامەکانی سەردانەکەی دواییی بۆ بەغدا و ئاستی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ دەخاتە ڕوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەپێی زانیارییەکان، تاوتوێی لێکەوتەکانی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و غازی ماڵان دەکرێت.
بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن تیمی یەکێتییەوە
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە دوای ئەوەی لە ٨ی ئەم مانگەوە تیمی وەزاریی یەکێتی بڕیاری کشانەوەیان لە حکوومەت دا.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێکهاتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا پۆستی جێگری سەرۆکی وەزیران، چەندین وەزارەت، جێگری وەزیر و بەرپرسی باڵای هەیە، بەڵام بە بڕیاری سەرۆکی حزبەکەیان، سەرجەم ئەندامانی تیمەکە کشاونەتەوە و لە دەوامی فەرمیی دامودەزگەکانی حکوومەتدا ئامادە نابن.