دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتەوە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستان جەخت لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانی هەولێر و بەغداد دەکەنەوە

هەرێم نیوز
⠀
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەراوێزی لووتکەی ئاووهەوا لە تورکیا کۆبوونەوە و تێیدا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کردەوە.

⠀
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی 11ـی 2026، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە نێچیرڤان بارزانی لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە و وتەبێژی سەرۆکایەتییەکەش وتی، لە دیدارەکەدا هەردوولا چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ کردووە.
⠀
لە گفتوگۆکانی ناو دیدارەکەدا، بە وردی باس لە دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کراوە، هەروەها سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بیروڕایان گۆڕیوەتەوە و بە پێویستییان زانیوە کێشە و ناکۆکییەکان بە ڕێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن.
⠀
ئەم کۆبوونەوانەی نێچیرڤان بارزانی لە تورکیا کە پێشتریش لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ئەنجامیدابوو لە کاتێکدان، کە تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا هۆشداریی توندی بە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان داوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان و هاوکات بەغدادیش لەسەر ئاستی باڵا سەرقاڵی هەوڵەکانیەتی بۆ نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لە ناوچەکەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP