هەرێم نیوز
⠀
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە پەراوێزی لووتکەی ئاووهەوا لە تورکیا کۆبوونەوە و تێیدا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا و پاراستنی ژینگە کردەوە.
⠀
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی 11ـی 2026، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە بارزانی لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا دیدارێکی ئەنجامداوە و وتەبێژی سەرۆکایەتییەکەش وتی، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە برەودان بە پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا کراوە.
⠀
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی ناو دیدارەکەدا، بە وردی باس لە گرنگیی هاریکارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی ژینگە کراوە، هەروەها سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە بیروڕایان گۆڕیوەتەوە و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی کە بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووەتەوە.
⠀
ئەم کۆبوونەوانەی بارزانی لە تورکیا کە پێشتریش لەگەڵ سەرۆکی سووریا و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزیری بەرگریی تورکیا ئەنجامیدابوو لە کاتێکدان، کە تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا هۆشداریی توندی بە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان داوە بۆ یەکڕیزی و پاراستنی وەبەرهێنانەکان و هاوکات بەغدادیش سەرقاڵی هەوڵەکانیەتی بۆ نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران بە مەبەستی ڕێگریکردن لەو جەنگەی کە هەڕەشەی هەڵگیرسانی لەسەرە.