هەرێم نیوز
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، کاتژمێر 10:30ـی پێشنیوەڕۆ لە باغی شاری هەولێر، گردبوونەوە و خۆپیشاندانێکی فراوانی جەماوەری بۆ پشتیوانیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان ساز بکرێت، هاوکات ئاگاداری فەرمانبەران و هاووڵاتییان کراوەتەوە کە سبەی پشووی فەرمی نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، لە بانگەوازێکدا کە ئاڕاستەی جەماوەری شاری هەولێر و سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکان کراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە خاک و قەوارەی دەستووریی هەرێم پێویستی بە یەکڕیزی و یەکدەنگییە، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە فەرمانبەران، مامۆستایان، قوتابیان، کرێکاران، کاسبکاران، گەنجان، ئافرەتان و سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکان کراوە بەشدارییەکی کارایان هەبێت تاوەکو پەیامێکی ئاشتیخوازانە و یەکگرتوو بگەیەننە جیهان.
سەبارەت بە ڕێنماییەکانی گردبوونەوەکەش جەخت کراوەتەوە کە تەنیا ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە و بەرزکردنەوەی هیچ ئاڵا و دروشمێکی دیکەی حزبی یان تایبەت ڕێگەپێدراو نییە، و تێیدا هاتووە کە سبەی هەمووان لە ژێر سایەی یەک ئاڵادا کۆ دەبنەوە.
لەبارەی دەوامی فەرمییەوە، ڕوون کراوەتەوە کە سبەی پشووی فەرمی نییە و دەوامی دامودەزگاکان بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان ئاسایی دەبێت، بەڵام دەسەڵاتی تەواو دراوە بە سەرجەم بەڕێوەبەر و بەرپرسانی فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن کە هەموو ئاسانکارییەک بکەن و مۆڵەت بدەنە فەرمانبەران و مامۆستایان تاوەکو بتوانن بەشداری لە گردبوونەوەکەدا بکەن.