هەرێم نیوز
حوسێن نەجات، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە بارەگای سارۆڵا رایگەیاند، دوژمنانی ئێران توانای تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەیان نییە و تا ئێستا دەیان گرووپی چەکدار دەستگیر کراون؛ هاوکات ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای بە پشتیوانیکردنی ئاژاوەگێڕان و هەوڵدان بۆ دەستوەردانی سەربازی تۆمەتبار کرد.
ئامادەییی هێزە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی گرووپە چەکدارەکان
ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، حوسێن نەجات، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە بارەگای سارۆڵا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی (فارس)، لە وەڵامی بانگەشەکانی دوژمن بۆ تێکدانی ئاسایش و چەکدارکردنی تاوانباران بە مەبەستی دروستکردنی ئاژاوە، رایگەیاند: "بە هۆشیاریی سوپا و هێزە ئەمنییەکان، دوژمنانمان توانای ئەو کارەیان نییە.
ئەگەر ڕووداوێکی لەو شێوەیەش ڕوو بدات، هێزە ئەمنییەکان بەوپەڕی توندی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن."
حوسێن نەجات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە توانای هێزە ئەمنییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەندامانی دوژمن، روونی کردەوە: "تا ئێستا دەیان گرووپی چەکدار دەستگیر کران و ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر باشە؛ ئاستی هێزە ئەمنییەکان زۆر ناوازە بووە."
جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران جارێکی دیکە ئامادەییی تەواوی هێزە ئەمنییەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێکی ئاژاوەگێڕی راگەیاند و گوتی: "دوژمنان توانای تێکدانی سەقامگیریی ئێرانیان نییە؛ ئەگەر بڕوا بەوە ناکەن، با تاقی بکەنەوە."
تۆمەتبارکردنی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە هەوڵی دەستوەردانی سەربازی
حوسێن نەجات ئاماژەی بە پشتیوانیی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆڵیان لە ڕووداوەکانی کانوونی دووەمدا کرد و گوتی: "ئەمریکا و هەندێک لە سەرکردەی وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانیی فەرمییان لە ئاژاوەگێڕان کرد، ئەوەشیان راگەیاند پلانی ئەوان سەرەتا دروستکردنی ئاژاوە لە ناوخۆی وڵات و پاشان دەستوەردانی سەربازی بوو، بەڵام گەل ئەو پلانەی پووچەڵ کردەوە."
پاشخانی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی چەکدارکردن
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی ڕووداوەکانی کانوونی دووەم، بەرپرسانی ئەمریکا گەڕاونەتەوە سەر باسکردنی هەوڵەکانیان بۆ چەکدارکردنی کەسانێک لە ئێران؛ لەو چوارچێوەیەدا، جاک کین، ژەنەراڵی خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز) بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) و مۆساد دەیان هەزار ئێرانی چەکدار دەکەن، کە ئەوەش هەمان ئەو بانگەشەیەیە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ باسی کردبوو.
پێشتریش لە مانگی نیساندا، دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە چەکی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران ناردووە، بەڵام گوتبووی نێوەندگیرەکان چەکەکانیان نەگەیاندووەتە شوێنی مەبەست و بۆ خۆیان بردووە.