دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران: گەرووی هورمز تا جێبەجێکردنی مەرجەکانمان بە داخراوی دەمێنێتەوە

هەرێم نیوز
⠀
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ڕایدەگەیەنێت، گەرووی هورمز تا دابینکردن و جێبەجێکردنی مەرجەکانی وڵاتەکەی بە داخراوی دەمێنێتەوە، لە بەرامبەریشدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) جەخت دەکاتەوە کە گەرووەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و ئێران چیتر هێزی دەریایی نەماوە.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی 11ـی 2026، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران، لە پەیامێکدا بە بۆنەی ڕۆژی هێزی دەریایی ستراتیژیی سوپاوە ڕایگەیاند، هێزی دەریایی سوپا بۆ بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی ئێران ئامادەی گیانفیداییە و بەبێ دوودڵی ڕووبەڕووی هەر دەستدرێژییەک دەبێتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، لە گەرووی هورمز و دەریای عوماندا لاوازیی دوژمنیان دەرخستووە و لە ژێر ڕێبەرایەتیی ڕێبەری باڵا و بە پشتیوانیی خەڵک، گەرووی هورمز تا بەدیهێنانی مەرجەکانی ئێران بە داخراوی دەمێنێتەوە.
⠀
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە گەرووی هورمزیان کۆنترۆڵ کردووە و هیچ باجێک بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بوونی نییە.
⠀
سێنتکۆم ڕوونیکردەوە، هەوڵەکانیان ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لەو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا گەڕاندووەتەوە و جەختی کردەوە، سەرەڕای دەستدرێژییە بێبنەماکانی ئێران، هەزاران کەشتی و ملیاران بەرمیل نەوتی خاو بە ئازادی و سەلامەتی لەژێر پاراستنی ئەمریکادا بە گەرووەکەدا تێپەڕیون.
⠀
لە لایەکی دیکەوە، سێنتکۆم لە پلاتفۆرمی ئێکس وەڵامی ئەو بانگەشانەی دایەوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لەلایەن فەرماندەیەکی سەربازیی ئێرانەوە سەبارەت بە گێڕانەوەی دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە لە کاتی خەوتنی سەربازە ئەمریکییەکاندا بڵاوکراونەتەوە و نووسیویەتی، ڕاستییەکە ئەوەیە ئێران چیتر هێزی دەریایی نەماوە و ئەو وەسفەی کراوە درۆیەکی هەڵبەستراوە.
⠀
هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئەو بانگەشەیەشی ڕەت کردەوە کە باس لە هێرشی هێزی دەریایی ئێران بۆ سەر فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس ئابراهام لینکۆڵن) لە چەند مانگی ڕابردوودا دەکات و ڕایگەیاند، گرووپی فڕۆکەهەڵگرەکە بە تەواوی پارێزراوە و هەرگیز لەلایەن ئێرانەوە هێرشی نەکراوەتە سەر و مانگی ڕابردووش دوای تەواوکردنی ئەرکێکی سەربازیی سەرکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەلامەتی گەڕایەوە ئەمریکا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP