*لەهەر کوێیەک دەوەستی، ببە بە رۆحی ئەو جێگەیە* جەلالەدینی رومی
پڕبەهاترین یادگاریەکان ئەوانەن کە خۆمان بە هوشیاریەوە دروستیان دەکەین، بەتامترینیشیان ئەوانەن کە لە منداڵیدا تێیایاندا ژیاوین، ئەو دەمەی دڵمان هەر بەڕاستی هێندەی چنگی منداڵیمان بچووک بوو، هێندەش سپی دەتگوت چوار وەرزە بەفری لێ دەباری..
2015 کە بۆ یەکەمجار دوای ئەو هەموو ساڵە، چوومەوە بۆ جەزائیر، وڵاتی ملیۆن و نیو شەهید لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری فەرەنسادا، لەوێ یادەوەریەکانی منداڵیم بێداربوونەوە، ناوی جەمیلە بوحێرەد و عەبدولقادر الجزائری کە لە خوێندنگای (نڤازی الهواری) لە شاری وەهران ئاشنایان بووم هاتنەوە پێشەوە.. لەوێ یەکە یەکەی یادەوەریەکانی منداڵیم هاتنەوە بەرچاوم، جادە و بانەکانی، ماڵەکەی کە لێی دەژیاین، هەستم بە خزمایەتیەکی توند لەگەڵ ئەو جێگەیەدا دەکرد کە زاکیرەی منداڵیمم لێی بەجێهێشتوە..
لەڕاستیدا هیچ جێگەیەک بەهایەکی ئەوتۆی نیە و تەنانەت ناوی نیشتیمانیش وەرناگرێ ئەگەر ئادەمیزاد نەبێت، هیچ یادەوەریەکیش بوونی نابێت ئەگەر ئێمە بەجێگەکاندا تێنەپەڕین، ئەوە ئێمەین لە هەموو جێگەیەک شتێکمان لێ جێدەمێنێ، بۆ ئەوەی کە گەڕاینەوە هەمان جێگە هەست بە غەریبی نەکەین..
زیاتر لەو رێگایانەی پیایاندا رۆشتووین و ئەو جێگایانەی لێیان ژیاوین و ئەوانەش کە بۆ ساتێکیش بووبێت لێیان لامانداوە یادەوەریمان هەیە، ئەو جێگەیانەش کە لە رۆمانەکاندا پێیاندا تێپەڕیوین و ئاشنایان بووین یادەوەریمان لەگەڵیاندا هەیە.. یادەوەریەکان هەمیشە لە جێگەیەکدا دروستبوون چ بە جەستە یان بە هەست لێی ژیابین، لە راستیدا ژیان گەشتی دروستکردنی یادەوەریەکانە.
جێگە بەپێچەوانەی زەمەنەوە جێگیرە و دەمێنێتەوە، بۆیە ئەو پەیوەندیە هارمۆنیەی نێوان ئادەمیزاد و جێگەکان لەگەڵ زەمەندا بوونی نیە، بۆیە هێندەی بیری کەسەکان دەکەین بیری جێگە دەکەین..
جێگە پەیوەندی تاک بە کۆمەڵەوە بینادەکات تا دەگاتە پلەی هەستکردن بە ئینتیما بۆ جێگەیەکی تایبەت ئەگەر لێشی نەژیت. لە ژیاندا کەشوهەوای ئەو نێوەندەی تیایدا دەژین بەشێکە لەو جێگەیەی کە لێی دەژین، بە پێچەوانەی رۆمانەکانەوە کە جێگە دەبێتە بەشێک لەو کەشوهەوایەی کە تەواوی رووداوەکانی رۆمانەکەی تێدا روودەدات..
کە رووم لە هەندەران کرد، ئازارێک لە هەناوم توند بوو وەکوو ئەوەی ئیتر ئەو جێگەیە نەبینمەوە کە لێی دروستبووم، ئاخر من پێش ئەوەی کۆچ بکەم وتارێکم لە رۆژنامەی (اتحاد) بەناونیشانی (خۆزگە درەختێک دەبووم) نووسی، باوەڕم نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان ئەو جێگەیە جێبهێڵم کە لێی هاتوومەتە دونیاوە، بەڵام دواتر توانیم لەوە تێبگەم ئەو پەیوەندیە لەگەڵ هەموو جێگەکان ئێمە دروستی دەکەین..
وێنەکە لەبەرچاوم ئەوکاتە بە توندی ئامادە بوو کە ئەو جێگایانەم بە هەموو یادگاریە ورد و درشتەکانیەوە بەجێهێشت، دەبوو بگەڕێم بۆ سپیترین لاپەڕە لێوەی دەستپێبکەمەوە، لە "جێگە"یەک هیچ شتێک پێوەی نامبەستێتەوە، جگە لەوەی لێی دەژیم.. جێگەیەک هەرگیز بیرم لێ نەکردبۆوە، ناچارم پەیوەندیەکی زیندووی لەگەڵ دروست بکەم..
مەحمود دەروێش دەڵێت: "بەبێ زاکیرە هیچ پەیوەندیەکی راستەقینە لەگەڵ جێگەدا دروست نابێت.".. لە راستیدا ، ئێمە ئەگەر بوونمان لەو جێگەیانەی پیایاندا تێدەپەڕین سەرپێیی بێت، هیچ زاکیرەیەکمانی لێ بەجێنەهێڵین، پەیوەندیمان لەگەڵی دروست نابێت..
لە راستیدا پەیوەندی ئادەمیزاد و جێگە تەنها پەیوەندیەکی فیزیکی نیە، رۆحیشە، جێگە لە ناو رۆحماندایە.. جێگەکان لە رۆحماندا جیهانێکمان بۆ دروستدەکەن تیایاندا دەژین.. ئەو جێگەیانەش کە لێیان ژیاوین یان پیایانا تێپەڕیوین زاکیرەیان هەیە، کە پیایانا تێدەپەڕینەوە، ئەگەر بیرمان چووبنەوە، بیرمان دەخەنەوە..
پەیوەندی ئادەمیزاد و جێگە لە خۆڕا دروست نەبوە، جگە لە رەهەندە کۆمەڵایەتی و ئینسانیەکەی، پەیوەندیەکە بە مانا فەلسەفیەکەی لەسەر بنەمای ئامادەگی و ئەزموونکردن دروست دەبێت.. هەر بۆیە جەلالەدینی رومی دەڵێ: *خودایە رۆحم ببەرەوە بۆ ئەو جێگەیەی کە دەتوانم بە بێ وشە قسە بکەم*..