دواین هەواڵ

گرەوێکی دۆڕاو!

‌شیروان تاڵیب

18 کاتژمێر پێش ئێستا

هەموو غەیرە کوردەکان پێیان وا بوو، کورد چونکە ناکۆکییە سیاسییەکانی قووڵن و ناکۆکیی سیاسییەکانیشی قووڵترن، شتێک نیە یەکیانبخا و ڕێیەک نیە کۆیانبکاتەوە! 
لایان وابوو ،ئەگەر قۆڵی لایەکیان بگری و قۆڵی بەشێک لە نەتەوەکەیان ببڕی و دەستت لە دەستی یەکێکیاندا بێ و دەستدرێژی بۆ ئەوی تریان بکەی و ددان بە مافی وجوودی ئەمیان و پێ بە مافی ئەوانی تریاندا بنێی.. ئیتر هەرچییەکت ئەتەوێ بیکە، (برداً وسلاماً) بەسەریاندا تێئەپەڕێ! 
خۆی ئێمە ڕاستە گۆشتی خۆمان چاک ئەبڕین، بەڵام ئەبەد ئێسقانی یەکتری ناشکێنین…
پارێزەر ئیبراهیم ئەحمەد ـی (ئەدیب) چاکی وتووە کە بە دوژمنی داگیرکەر ئەڵێ (ناتوانی وا بکەی کورد نەبین، هەر کورد بووین و هەر کورد ئەبین)! جا تۆ لەوە بگەڕێ ئەو پەیامە چەند جار کەی و چۆن بە گوێی کێدا دراوە و بۆ کوێ ڕەوانە کراوە، بەڵام کە ئەحمەد شەرع کەناڵی (شمس)ی بۆ جوانکردنی فیکر و فیعلەکانی لە ڕۆژئاوا هەڵبژارد، بە بڵاونەکردنەوەی دیدارەکەی، دەنگی بەرزی ئەو پەیامە بوو کە پەردەی گوێی دڕاند! 
شتێکی تریش هەیە بەسەراحەت ئەیڵێم و تکایە کەس نەڵێ وەختی نیە..
پارتییەکانی لێ دەرچێ (چونکە ئەزانن دوای کێ و دوای چی کەوتوون)، ئیتر ما باقی ئەحزاب و نوخبەی غەیرە پارتی ناو کورد پێیان وابوو، بارزانییان بە کەوتنی ڕۆژئاوا خۆشحاڵ ئەبن!
لە ڕاستیدا، ئەوە پێی ئەووترێ بارزانییاننەناسی، دەردێکە کە لێکدانەوەی غەڵەت، یەکێک لە دیاریترین ئەعراضەکانیەتی و گرەوێکە ئەوەی بیکا،  پێشوەختە دۆڕاوە… 
ئەوەی سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کرد و ئەکا و ئەوەی بارزانییانیش بۆ ئەوێیان کردووە و ئەکەن بخەنە لاوە (چونکە واجبیانە و ئەسڵەن خۆیان هەر بۆ ئەوە هاتوون و هەن)، خۆ سبەی هەر پارچەیەکی تری کوردستان و بگرە هەر زۆن و تەنانەت هەر نەیارێکی سەرسەختی دژە بارزانیان و پارتی ش، ( بەس هەر ئەوەندەی کورد بێ و کوردی قسە بکا)، بکەوێتە وەزعێکی وەهاوە کە دڵی دوژمنی پێ خۆش بێ، هەر بە گوفتار نا، بە کردار دەستی ئەگرن و ڕێ نادەن کەوتنی، دڵی دوژمن خۆش بکا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP