دواین هەواڵ

دەبێت چی بکەین.. وانەیەک لە کیسنجەرەوە

‌بەهرۆز جەعفەر

16 کاتژمێر پێش ئێستا

کاتێک قەیران هەیە، نازانیت چی بکەی! ئیدارەی قەیرانەکە دەدەین و، هەموومان هەر دەڵێین؛ دەبێت گەلەکەمان بەرز-ڕابگرین، دەبێت یەکگرتوو بین.. بەڵام کەس نییە پێمان بڵێ چۆن؟ تیڕوانینی من لە سەرەتای (٢٠١٧ ەوە تا هەتایە) ئەوەیە: "دەبێت دامەزراوەی جۆراو-جۆری بەهێز لەناوەوە درووست بکەین، لە دەرەوەش دانپیانانی جۆراوجۆر مسۆگەر بکەین، ئەوەش بە مەعریفەی قووڵ و تێگەیشتن لە ڕۆحی سەردەمەکە دەکرێت."

 بەڵام لێرەدا، نموونەیەکی گرینگ هەیە، کە بەدڵنیاییەوە کۆمەک بە کەسانی سیاسی و ئیداریی و هەر مرۆڤێکی نیشتیمانپەروەر دەکات. ڕەنگە زۆربەتان ئەمەتان نەزانی بێت: لە سەدەی بیستەمدا، یەکێک لە بیرکەرەوە قووڵەکانی ناو دامەزراوە- فەرمییەکانی ئەمریکا "هێنری کیسنجەر" بوو؛ ساڵ- ساڵی (١٩٧٠) بوو، کە لەگەڵ سەرۆک ڕیچارد نیکسۆن کاری دەکرد، هێشتا نەبوو-بوو بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بوو، کیسنجەر ئەوکاتە هێشتا پیاوێک بوو لە ژیانی خۆیدا و بەرەو ئەوە دەچوو بۆ جیهانی بسەلمێنێ کە چەندە کاراکتەرێکی زیرەک و قووڵە. جارێکیان لە ساڵی (١٩٦٨) دا، کیسنجەر ئامارەکانی مایرۆ-ئیکۆنۆمیکی بینی، نیگەران بوو! چوونکە دەیزانی هەموو ئیمپراتۆرییەتێک کاتێک لە ڕووی ئابورییەوە لەو وڵاتێکی زیادەی ئابوریی (Surplus Country) دەگاتە ئاستی کورتهێنان (Deficit Economy) ئیتر ئەوە سەرەتای کاڵبوونەوەیەتی.
  بۆیە، کیسنجەر لەگەڵ خەڵکانی خۆیان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆبوەوە، پرسیارێکی لێکردن: چی پێویستە ئێمە بیکەین بۆ ئەوەی هەژموونی ئەمریکا بپارێزین، لەکاتێک ئێمە کورتهێنانمان هەیە!؟ بە هەریەکەیانی وت بڕۆن بیربکەنەوەو دواتر لە نیو لاپەڕە (نەک لاپەڕەیەکی تەواو یان بیست پەڕە- بەڵکو نیو لاپەڕە) تەنها لە نیو لاپەڕەدا وەڵامم بدەنەوە؛
دواتر وەڵامەکانی لێوەرگرتن، زۆربەیان بە شتی کلاسیکی و نیمچە-ڕازیکەر وەڵامیان دابوەوە؛ یەكێک نووسی بووی لەبەرئەوەی کورتهێنان هەیە دەبێت تێچوو کەم بکەینەوە، یەکێک وتبووی باج زیاد بکەین، یەکێکی تر وەڵامی دابوەوە کە دەبێت ڕێژەی سوو زیاد بکەین، یەکێکی دیکەش نووسی بووی دەبێت هاوردە کەم بکەینەوەو پیشەسازیی ناوخۆ گەشە پێ بدەین و باڵانس لە نێوان هەناردەو هاوردە ڕابگرین ...و...تادوایی. یەکێک لە پیاوەکان وەڵامێکی جیاوازی لە نیو لاپەڕە بە تایپ نووسراوەکەیدا وەڵامداوەتەوە:
پێویستە چی بکەین؟ دەبێت "کورتهێنان" ەکەمان بۆ سێ هێندە زیاد بکەین! ئەگەر ئێستا جارێک کورتهێنان ( کە خراپەو مەترسیدارە) و هەیە، دەبێت سێ هێندە کورتهێنانەکە زیاد بکەین، ئینجا وا لە سەرمایەدارەکانی تەواوی جیهان بکەین کە بێن و پارەکەی بدەن. ئەمە ئەوە بوو کە دواتر ڕوویدا، ویلایەتە یەکگرتوەکان کورتهێنانەکەی زیاد کرد، وە بەکاری هێنا بۆ درووستکردنی خواستی گشتی، وە بۆ هەناردەکردنی تەواوەتی بۆ ئەڵمانیاو یابان و دواتریش بۆ چین؛ ئەمە لەبەرئەوەی کورتهێنانی بازرگانی لە ویلایەتە یەکگرتوەکان کە خانەکانی ئەم وڵاتە دەمژێت، دەبێتە بەشێک لە پرۆسەیەکی جیهانی لە ڕێگەی هەناردەکرنی ئەلەمنیۆم و ئۆتۆمبیل و کەرەستەکانی ترەوە، لەلایەکیش پابەندیان دەکەیت بە دۆلارەوە و تا بێن کورتهێنانەکە پڕ بکەنەوە؛ 
کاتێک خەڵک پرسیار لە پاوڵ ڤۆڵکەر (Paul A. Volcker) ئابووریناس و سەرۆکی ئەوکاتەی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا دەکەن: ئایا ئەمە نابێتە هۆی دابەزینی ئاستی بەهای دۆلار؟ لەوەڵامدا دەڵێت؛ بە شێوەی درێژخایەن نەخێر، چوونکە دۆلار تاکە دراوی یەدەگی جیهانییە. تاکە دراوێک کە خەڵک خواستیان لەسەری هەبێت، تەنانەت خەڵک بێ ئەوەی بیانەوێت شتێک بکڕن حەزیان بە "دۆلار"ە، خەڵکی وڵاتان خواستیان لەسەر دۆلارە کە ئەمریکا چاپی دەکات و بەرهەمی دەهێنێت. ئەگەر تۆ ئەمڕۆ پرسیارێک بە مێشکتدا بێت بۆچی ئەمریکا زۆر بەهەژموونە؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەمریکا مۆنۆپۆڵی سیستەمی پارەدانی جیهانی کردوە. 
 لێرەدا، وانەی جۆراوجۆر هەیە؛ بۆ نموونە بەرپرسێکی باڵای حیزب قەت ئەوەی کردوە کە کیسنجەر کردویەتی، توانیویەتی ئەم شێوازە پەیڕەو بکات لە وێناکردن و دەرکردنی سیاساتی گشتی دا!؟ نا. زیاتر لەوە وانە گەورەکە ئەوەیە چۆن ژیریی ڕۆڵ دەبینێت لە وەرچەرخاندنی قەیران و نەهامەتییەکان بۆ دەرفەت و خۆشگوزەرانی و هەژموونی زیاتر.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP