بەخوێندنەوەى مێژوو و رووداوو و پێشهاتەکانى رابردوو و ئێستا ئاماژەیەکى روونە بەو راستییەى گەلى کورد لەناوچەکەدا بە رەوشێکى گرینگ و چارەنووسسازدا گوزەر دەکات ، لە قۆناغێکدا کە بیرکردنەوە و خوێندنەوەو بریارە چارەنووسسازەدان کاریگەرییان لە سەر ئایندەى سیاسى و پێگەى گەلى کورد دەبێت لەناوچەکەدا ؛ بۆیە ئەم رەوشەى ئێستا پێوستى بە بەرچاوڕوونى و وردبینى و ژیرى و لەهەمانکاتیشدا ئەرک وبەرپرسیاریەتى مێژوویی هەیە
پرسى گەلى کورد لەناوچەکەدا زۆر چارنووسسازە و دواى سەدەیەک لە داگیرکارى و دابەشکارى و ستەمکارى دەخوازێت بەڕحییەتێکى کوردپەوەرى و نیشتیمانپەوەرى بکرێتە ستراتیژ لە پێناو پارێزگاریکردن لە شوناس و مافەرەواکانى کورد و چونکە ئەوەى گرینگە تەبایی و یەکهەڵوێستى قەڵغانێکى بەهێزە بەرامبەر هەموو ئەو مەترسى و دابەشبوونانەى ناوچەکە وخۆپاراستن لە گڕى ئاگرى شەڕى دەوروبەرمان ؛ بۆیە هەرچەندە گەلى کورد بە ئاگایی و ژیرانەوە مامەڵە بکات ئەوا دەتوانرێت دواى یەک سەدە لە ماڵوێرانى و هەوڵى سڕینەوە و پەراوێز خستن لە سەر خاک و جوگرافیایی خۆى بە ئاڕاستەى گەیشتن بە مافەرەواکانى هەنگاو بنێت ؛ دەبێت ئەو راستییەش بزانین لەگەڵ هەر هێرش و پیلانگێرى و گوشارێکى ناوچەیی و نێودەوڵەتى کوردوکوردستان زیاتر بەهێزتر بووە
بەتایبەتى ئەمڕۆ دۆزى کورد لە رۆژئاڤاى کوردستان لە رەوشێکى زۆر هەستیار و پڕ کێشەدایە ، لەهەموو لایەکەوە گەمارۆ و ڕووبەڕووى مەترسیی بووتەوە ؛ ئەوەش هەموو لەپێناو ئەوەیە تا گەلى کورد لەم بەشەى کوردستان نەتوانێت خاوەن سەربەستى و سەربەخۆیی خۆى بێت ، بۆیە ئەم ڕووداوانەى رۆژئاڤاى کوردستان دەرفەت و تاقیکردنەوەیەکى گەورەن بۆ هەموو نەتەوەى کورد و زەروورەتى تەبایی ویەکهەڵوێستى و هەڵگرتنى بەرپرسیاریەتى گشت هێزولایەنە کوردستانییە کوردپەوەرەکان لەسەروى هەموو پرسێکى دیکەوەیە
ئەو کۆدەنگى و یەکڕیزییەى کورد چ لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و چ لەسەر ئاستى وڵاتانى ناوچەکە و جیهان بۆ پشتیوانیکردنى لە دۆزى کورد لە رۆژئاڤاى کوردستان ، ئاماژەیە بەراستییەکى حاشاهەڵنەگر ئەویش کورد زۆر هوشیارە باش دەزانێت پرسى کورد بە یەکدەنگى دەتوانێت ئەو لەت لەت بوون و لێکترازان و سنوورە دەستکردانە تێکبشکێنێت ؛ لەو نێو ئەو هەموو گوشارو ئاڵۆزییانەدا ، ڕێبازى بارزانى و هەوڵەکانى جەنابى سەرۆک مسعود بارزانى بە روونى درکى پێدەکرێت ، چونکە ئەم ڕێبازە لەسەر بنەماى وردبینى و خوێندنەوەى ژیرانە بۆ رووداو و پێشهاتەکان باوەرى تەواو بە ئاشتى و گفتوگۆ دامەزراوە ، نەک شەڕخوازى
بەسەرنجدان لەسەرلاپەرەکانى مێژووى خەباتى دوێنى وئەمڕۆش ، رابەرایەتى بارزانى خاوەن ئەزموونێکى دوور و بەردەامە لە پێناو تەبایی کورد ئەوەش هەوێنى پارێزگاریکردنە لە مافەرەواکان و رێگریکردن لە دابەشبوون ولاوازبوونى گەلى کورد لە هەموو مەترسیی و هەڕەشەیەکى نەیاران ، هەر بۆیە بە خۆڕاگرتن وگفتوگۆ و هێزى نەرم تێکۆشاوە لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمان
بۆیە، بۆیە کاتێک بارزانى بانگەوازى بۆ ئاشتى و ئارامى و گفتوگۆ دەکات ، ئەوە ئاماژەیە بۆ ویستى نەتەوەیی کورد بەوەى گەلى کورد ، شەڕخواز نییە ، بەڵکو بەدواى بەدیهێنانەوەى مافە زەوتکراوەکانێتى ، ئاماژەیە بە هێزى نەرم و لۆژیک و مرۆڤدۆستى ؛ ئەوەش پێمان دەڵێت ؛ هەرکاتێک گەلى کورد تەبا و یەکدەنگ بێت ئەوا سەرکەوتن و دەستکەوتى گەورە بەدى دێت و پێچەوانەکەشى لێکترازان و لاوازى لێدەکەوێتەوە ؛ بۆیە سەرۆک بارزانى پێمان دەڵێت ؛ کوردستان یەک جەستەیە و ئەگەر شوێنکى ئازارى پێبگات دەبێتە بەشەکانى دیکەى جەستەى بەفریایەوە بچن ، بۆیە پشتیوانیکردنى لە گەلى کورد لە رۆژئاواى کوردستان ئەرک و بەرپرسیاریەتیی مێژوو و نەتەوەیی ونیشتیمانییە
زەروورەتێکى مێژووییە ، لە پێناو بەدەستهێنانى ماف و ئازادى و خاک هەمووان پەیرەوى سیاسەتەکانى جەنابى سەرۆک بارزانى بین ، کەڕێنیشاندەرە بۆ ئایندەى کوردستان و بەدیهێنانى سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەگەورەکەمان و گەلى کورد هەر بە تەبایی و یەکڕیزى دەگاتە کەناڕى دڵنییایی و مافەکانى و کاتێک بارزانى ڕابەر و ڕێنشاندەر بێت تەبایی و سەرکەوتن چاوەروانى کوردوکوردستانە