دواین هەواڵ

گۆڕینی ناوی پەكەكە بۆ تەڤگەریی ئاپۆیی سووكایەتییە بەخەباتی كورد و دۆزەكەی پەرستنی ئاپۆ بوو بە كردار

‌کارزان گلی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، پارتی كرێكارانی كوردستان، بەفەرمی ناوی خۆیان بۆ (تەڤگەریی ئاپۆیی) گۆڕی، ئەمە ئەو خەون و واقیعەیە كە خودی عەبدوڵا ئۆجەلان و بەشێكی سەركردەكانی پەكەكە خەونیان پێوە بینیوە، واتە ئیدی پەكەكە دەبێت بەمێژوو و ئاپۆچی شوێنی دەگرێتەوە، كەواتە ئەو تێزەی پەكەكە كاری لەسەر كردووە، بەتایبەت ئۆجەلان، بەوەی ئۆجەلان هەموو شتێكە لەناو پەكەكە و ئەگەر ئەو نەبێت كەسیان هیچ نین، بووە دیفاكتۆ.

كاتێك پەكەكە دامەزرا لە گوندی (فیس) ٢٢ كەس ئامادە بوون، بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی دەمەزرێنەر بوون، دژی ئەوەبوون چەمكی ئاپۆیزم لەناو پەكەكە بوونی هەبێت، پێیانوایە پەكەكە بۆ بەرگری و خەباتكردن بۆ كوردستان دروست بووە، نەك پەیوەست بێت بە یەك كەسەوە، دیارە لەوكاتەوە ئۆجەلان خەونی ئەوەی هەبووە، پەكەكە بەتەواوی بەخۆیەوە ببەستێت، بۆیە ناوەی پارتەكشی كردە ئاپۆیی.

كەمال پیر، یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكە، كە كوردانی باكوور و پەكەكەییەكان وەكوو سومبول و كەسایەتییەكی گەورە ناوی دەبەن، بەر لەوەی لە گرتووخانەی ئامەد كۆتایی بەژیانی خۆی بهێنیت، لە ئیفادەیدا هاتووە ”ئاپۆییزم، بەو مانایە دێت كە ئێمە بە یەك كەسەوە پەیوەست بكات، بەڵام ئێمە بە یەك مرۆڤەوە پەیوەست نین، شتێك نییە بەناوی ئەوەی ئەگەر عەبدوڵا نەمێنێت ئەم بزوەتنەوەیە كۆتایی پێدێت، چونكە عەبدوڵاش بۆ خۆی یەكێك لە ئەندامانی ئەو بزوتنەوەیە، ئەمە بابەتەكەیە.“
لێرەدا روون دەبێتەوە، كەسە عاقڵ و خەباتگێڕەكانی ناو پەكەكە، دژی پەرستنی كەسایەتین، دژی ئەوەن لەناو پارتدا كەسێك ببێت بەخودا و فەرمان تەنیا لەو وەربگرن.

بابێینەوە سەر مەزڵوم دۆغان، ئەو سەركردەیەی ناوی لەسەر زاری هەموو كوردێكی بەشەڕەفە، چونكە لەناو گرتوخانەی ئامەد، خۆی بە پەتەوە هەڵواسی و كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. ئەوكات دەنگۆ لەناو گرتوخانە بڵاوكرابووەوە، خەباتی چەكداری پەكەكە كۆتایی پێهاتووە، ئیدی كورد چۆكی داداوە و پێویستە ئێوەش دان بەهەموو شتێكدا بنێن، بەڵام دۆغان بۆ ئەوەی گڕ و تین بداتە زیندانیان و دەرەوەی زیندان و پێیان بڵێت بڕوا بەدوژمن مەكەن و درۆتان لەگەڵدا دەكەن، بەپەتێك خۆی هەڵواسی و ئەم هەڵواسینەش شۆڕشێكی گەورەی بەدوادا هات و هەزاران كەس بوونە گەریلا و بەمەبەستی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بوونە پەكەكە و چەكیان هەڵگرت.

دۆغان لەبارەی چەمكی ئاپۆییزم دەڵێت: ”ئێستا بەشێوەیەكی گشتی چەمكی ئاپۆییزم، لەناو رای گشتی توركیا و رۆژنامە فەرمییەكان و ئۆرگانەكاندا دەناسرێت، بەڵام ئەمە شتێكی راست نییە، تۆ بێیت بزوتنەوەیەكی سیاسی لەسەر كەسێكدا بناسێنیت، ئەمە راستییەكە نییە، پارتەكە لەناوەكەی خۆیدا دیارە پارتی كرێكارانی كوردستانە، نەك بەناوی كەسێكەوە بێت. تەنیا ئەوانەی بورژوازین و نەتەوەپەرستن، هاتوون بزوتنەوەكەیان بەكەسێكەوە بەستووەتەوە.“

گۆڕینی ناوی پەكەكە بۆ تەڤگەریی ئاپۆیی، بچووككردنەوەی خەباتی پەكەكەیە، بچووككردنەوەی دۆزی كوردە بۆ كەسێك، لە كاتێكدا پەكەكە سەدان و هەزاران كەسایەتی گرنگ و رۆشنبیر و گەورە و شۆڕشگێری تێدایە، كەچی دێیت هەموو ئامانە دەسڕیتەوە و دەڵێیت ئیدی پارتەكە ناوی ئاپۆیە و ئەو پێغەمبەر و خودا و رۆشنبیر و شاعیر و رۆماننووس و هەموو شتێكە.

تورك ساڵانێكی زۆرە دەیەوێت هەموو پرسی كورد لە كەسێكدا بچووك بكاتەوە ئەویش ئۆجەلانە، واتە ئەگەر ئۆجەلان نەما، ئیدی كورد هیچ نییە، چونكە خوداكەیان دەمرێت و ئەوانیش دەبێت كۆیلایەتی قبوڵ بكەن.

شەڕی ئێمە لەگەڵ ئەو عەقڵییەتەیە، كە لەچواردەوری كەسێكدا كۆ ببییەوە و بیپەرستیت، ئاخر بە پەرستنی كەسایەتی ناگەیەت بە هیچ شوێنێك، پرسە گەورەكەش كە پرسی كوردە وەلا دەنرێت و ناگاتە هیچ شوێنێك.

ئۆجەلان، زیرەكە و لێهاتووە و خەباتگێڕە و عەقڵێكی گەورەیە لەناو باكوور و پەكەكە، بەڵام مەزڵووم دۆغان و كەمال پیر و حەقی قەرار و دەیانی تریش هەمان پێناسەیان هەیە، بۆیە ناكرێت كەسێك لەناو پارتدا بهێنیتە ئاستی خودا و ئەوانەی خوار خۆیشی وەكوو كۆیلە سەیر بكات.

دەكرێت ئۆجەلان لەناو پەكەكە وەكوو سومبول سەیر بكرێت و ناوی بۆ هەتا هەتایە بەنەمری بمێنێتەوە، بەڵام هەموو دۆزی كورد و خەبات و تێكۆشان نابێت بەو ببەسترێتەوە، تەنانەت پارتەكەش بەناوی خۆیەوە بكات، ئەمە عەیبە و ئەوپەڕی سووكایەتییە بە دۆزی كورد.

دەبێت دیسان ئەو گوتەیەی كەمال بوركای بەبیر كورد بهێنمەوە كە دەڵێت: ”دەبێت پەكەكە بزانێت، ئەوە بوونی پرسی كوردە پەكەكەی دروست كردووە، نەك بوونی پەكەكە، پرسی كوردی دروست كردبێت“

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP