بڕیارە لە بەرامبەر خزمەتکردنیان و وەك مافێکی مەدەنی، فەرمانبەران زەوی نیشتەجێکردن وەربگرن، بەڵام تەماشاکەن لە بەرامبەر ٢٠ ساڵی زیاتری خزمەتکردندا شارەوانی سلێمانی بە فەرمان و ڕەزامەندی قوباد تاڵەبانی کام زەویانە دەداتە فەرمانبەران، خراپترین و بێکەڵکترین شوێنی سلێمانی، هەندێك لە زەویەکان نرخەکەیان لەو ڕسوماتە کەمترە کە بۆ تاپۆکردنەکەی لێت وەردەگرن.
زەویەکان لە سنوری گوندەکانی ( دار بەڕولە و بەردەکەڕ) بۆ بەشێکی زۆر لە فەرمانبەران دیاری کراون، کە زیاتر لە دەهەزار مەتر لە سلێمانیەوە دوورن، بەڵام کۆڕنیشی سەرچنار و دەروازەی سلێمانی و پشت چوار چراو لای کۆمپانیای نەوزاد و نزیك مامەیارە بۆ پارچەپارچەکردن و فرۆشتن و کۆکردنەوەی پارە، واتە زەویەك گیرفان پڕکات بۆ خۆتان و زەویەکیش گیرفان خاڵی بکاتەوە بۆ خەڵك، باشترین زەویەکان بۆ کۆمپانیاکانی خۆیان و خراپترینەکان بۆ خەڵك.
شوێنی زەویەکان بە ئاگاداری و بڕیاری قوباد تاڵەبانی دیاری کراون، لە کاتی ئەو نادادپەروەریەی کە لە دابەشکردنی زەویەکانی شارەوانیدا لە ساڵی ڕابردوو ئاشکراکرا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایانگەیاند هیچ پارچە زەویەك بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی و چاودێری کاك قوباد تاڵەبانی دابەش نەکراوە.
دیاریکردنی شوێنی زەویەکان لوتکەی بێ ڕێزیە بە فەرمانبەر و مامۆستایەك کە لە دەساڵی ڕابردودا پلە بەرزکردنەوەی وەستاوە و زیاتر لە ٣٠ موچەی لای حکومەتە، لە کاتێکدا لە خزمەتی مەدەنیدا وەرگرتنی زەوی مافە نەك خەڵات.
داربەڕولە ١٠ هەزار مەتر لە سلێمانیەوە دوورە
بەردەکەڕ ١٢ هەزار مەتر لە سلێمانیەوە دوورە
تۆی فەرمانبەر بە پێی یاسا تەنها یەک جار بۆت هەیە سودمەندبیت لە وەرگرتنی زەوی، ئەم زەویانەی دیاری کراون تەنها لەکۆڵکردنەوەیە، لە کاتێکدا دەبێتە سەرچاوەی داهات بۆ حکومەتێکی تاڵانکار.
گەر ئەم زەویانە هیچ بەهاو نرخێکیان هەبوایە نەیاندەدایە تۆی فەرمانبەر و مامۆستا بەڵکو ئێستا پرۆژەکانی خۆیانیان تێدا دروست دەکرد.