دواین هەواڵ

بەها وەک کردەی ویستی هێز

‌پێشڕەو محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بنیامین نەتەنیاهو فەرمانی بە وەزارەتی دادی ئیسرائیل کردووە مەلەفی تاوانی ئەردۆغان دژ بە کورد بۆ دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی ئامادە بکەن (بەگوێرەی تەلەڤزیۆنی ٢٤ی ئیسرائیل, لینک لە کۆمێنت). ئەمە ئەگەر ڕاست بێت، جووڵەی پێچەوانەی نەتەنیاهوە دژی جووڵەی ئەردۆغان و پشتیوانیی تورکیا لە مەلەفی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی دژی نەتەنیاهو کە ئەفریقای باشوور ئامادەی کردبوو و لە کۆتاییدا ئەنجامەکەی بریتی بوو لە بەتاوان ناساندنی نەتەنیاهو و فەرمانی نێودەوڵەتیی بۆ دەستگیرکردنی. هەرچۆنێک بێت دەبوو نەتەنیاهو لە نیویۆرک بەقسەی زۆهران مەحمود مەمدانی، دەستگیر بکرێت، ڕۆیشت و گەڕایەوە و دەستگیریش نەکرا. هێز لێرەدا خۆی نمایش دەکات.

ئەوەی نەتەنیاهو دەیکات، چەندە بووە هۆی دەستگیرکردنی خۆی، هێندەش دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی ئەردۆغان، مەرجیش نییە ئەندامانی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی کەیسەکەی ئیسرائیل قبووڵ بکەن، ئەگەرچی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا دژی کەیسەکەی باشووری ئەفریقا وەستانەوە، بەڵام مەرجیش نییە بچنە پاڵ کەیسەکەی ئیسرائیلەوە، لەبەر زۆر هۆکار، کە ئێرە جێی باسکردنیان نییە. و خەڵک خۆیان بەشی زۆری دەزانن.

جووڵەکە خۆی گرنگە، ڕووبدات یان نا. جووڵەی هەژموونی هێز و ویست بۆ دەسەڵاتە. هەردوولا دوو نەتەوە و خەڵک بەکاردەهێنن بۆ ڕەوایەتییدان بە ڕەهەندی ئەخلاقیی، بەهایی، بەهاش کە بوو بە سازێنەر، دەبێتە یاسا و پاشان دەبێتە حەقیقەت. کێ هەیە ئەمڕۆ تورکیا وەک دەوڵەتێکی خاوەن حەقیقەت نەبینێت؟ پرسەکە ئەوە نییە من و تۆی کورد لە مێژوودا خوێندوومانە ڕەگوڕیشەی تورک دەگەڕێتەوە سەر ئەوانەی مەڕی ڕەش و مەڕی سپییان (قەرەقۆینلو و ئاققۆینلو) دەلەوەڕاند و کۆچەر بوون، پرسەکە ئەوەیە ئێستا هەمان مەڕی ڕەش و سپی، خاوەن دەوڵەت و لەم ڕێگەیەوە خاوەن حەقیقەتن.

ئەگەر ئەم کەیسە بچێتە بەردەم دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە، بێگومان کاریگەرییەکەی ئەوە دەبێت کە پرسی کوردستان دەچێتە نێو شەڕێکی دیکەی جیهانییەوە، شەڕی دامەزراوەکان و سەرنجی میدیای جیهانییەوە (بە یار و نەیارەوە، بێلایەن بوونی نابێت).

با وێنای ئەوە بکەین، ئەمە ڕوودەدات و با بشپرسین: کاردانەوەی کورد چی دەبێت؟ پرسیارێکی ئەخلاقییە ئێستا لەبەردەم کورددا بە چەپ، ئیسلامیی، لیبراڵ و هەموو ئەوانەشەوە کە هەڵگری گوتاری ڕزگارییخوازین. ئایا کورد پرسەکە لەنێو ئەخلاقی ڕووتی مرۆڤایەتییدا قەتیس دەکات: نەتەنیاهو تاوانبارە، مافی ئەوەی نییە باسی تاوانی ئەوانیدیکە بکات؟ یاخود وەک دەرفەتی گەمەی دەسەڵات دەیبینێت؟ پرسیاری هەرە گەورەی ئەخلاقیی لەبەردەم کوردانی نەیاری نەتەنیاهو ئەمەیە: ئایا لەحاڵەتی ڕوودانی پرۆسەیەکی وەهادا، دەبنە یارمەتیدەری نەتەنیاهو و ئیسرائیل هەموو تاوانەکانی تورکیا دۆکۆمێنت و بەبەڵگەنامەیی بکەن و لەبەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی بۆ پشتڕاستکردنەوەی کەیسەکەی ئیسرائیل پێشکەشی بکەن، یاخود ڕێگەی پێچەوانە دەگرن و دەڵێن «نەتەنیاهوی تاوانبار مافی ئەوەی نییە یاریی بە کەیسی کوردەوە بکات؟»

ئایا ڕەوایە لەوە بترسین سبەی هەندێک کورد لەگەڵ ئەردۆغان بچنە ناو هۆڵی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی لە لاهای و بڵێن نەخێر نەتەنیاهو درۆ دەکات، ئێمە کێشەمان لەگەڵ برا تورکەکانمان نییە و «تورکیا کۆمار و نیشتمانی هاوبەشمانە؟» و چەپ و ئیسلامییەکانیش خۆپیشاندان بکەن و بڵێن: ئەوەی نەتەنیاهو دەیکات بۆ شاردنەوەی تاوانی خۆیەتی؟

مێژووی ڕابردوو و پێشهاتەکانی ئەم دوواییانە پیشانی داوین، شتێکی وەها شایانی ڕوودانی هەیە. بەڕاستیی بپرسین: کورد پشتیوانیی لە شکاتەکە دەکات، یان دژی دەوەستێتەوە؟ لێرەدا ڕەنگە چیتر ئەو بیرۆکەیە باوی نەمابێت: نە ئەم نە ئەو، ڕێگەی سێیەم. ڕێگەی سێیەم بوونی نییە. لە حاڵەتێکی وەهادا، بێلایەنیی و بێدەنگیی، دەچێتە گیرفانی ئەردۆغانەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP