هۆشدارییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەدا، نەخشەڕێگایەکی حاشاهەڵنەگرن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە قووڵانەی بەرۆکی عێراق و ناوچەکەی گرتووە. ئەزموونی دەوڵەمەندی سەرۆک بارزانی، هەم وەک پێشمەرگە و سەرکردەیەکی مەیدانیی شارەزا لە زانستی سەربازی و ئەمنیدا، و هەم وەک ئەندازیارێکی سەرەکیی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ و داڕشتنەوەی دەستوور، وایکردووە تێڕوانینەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ببنە پێوەرێکی باوەڕپێکراو. لە دۆخی ئێستادا کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکرێت، باشترین و دروستترین بژاردە بۆ پاراستنی گەلی کوردستان و سەقامگیریی ناوچەکە، گەڕانەوەیە بۆ فەرمایش و ئامۆژگارییە حەکیمانەکانی ئەو، چونکە بە وردبینی و تێگەیشتنە قووڵەکەیەوە دەتوانێت تاریكی و ئاڵۆزییەکانی ئەم قۆناغەمان بۆ روون بکاتەوە.
شارەزاییە سەربازییەکانی سەرۆک بارزانی بە روونی لە خوێندنەوەی بۆ مەترسییەکانی سەر ئاسایشی عێراق رەنگ دەداتەوە. مەترسیی گەڕانەوەی داعش و دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٤، بەشێکی سەرەکییە لەو هۆشدارییانەی کە دەبێت زۆر بە جدی وەربگیرێن. وەک خۆی بیرهێنانەوەی بۆ دەکات، لە کاتی گفتوگۆکانی مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١، سەرکردە ئەمنییەکانی عێراق (وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ) بە راشکاوی دانیان بە بێتوانایی و لاوازیی خۆیاندا نا لە پاراستنی وڵات و تەنانەت یەک سەربازگەش. سەرەڕای هۆشدارییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی دووقۆڵی بۆ پاراستنی سەروەری و رێگریکردن لە داگیرکاری، لە درەنجامی بێ ئەزموونیان وەکو پێویست گوێ لەم ئامۆژگارییە نەگیرا و ململانێی سیاسی خرایە پێش بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، کە دەرەنجامەکەی کارەساتی هاتنی داعش بوو لە ساڵی ٢٠١٤. ئەمڕۆش بەهەمان شێوە، بۆ دوورکەوتنەوە لەو هەڵە مێژووییانە، دەبێت سیاسەتی کوردی و عێراقی لەژێر رۆشنایی دیدگای ئەودا دابڕێژرێتەوە.
لە رووی سیاسی و حوکمڕانییەوە، سەرۆک بارزانی پەنجە دەخاتە سەر برینە قووڵەکانی سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا. قۆرخکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکان لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و سەندنەوەی ئیرادەی تەواوەتی لە سەرۆکوەزیران، لادانێکی مەترسیدارە لە بنەماکانی هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی. تێڕوانینی سەرۆک روونە: هەر هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنی هێزە کاریگەرەکانی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان یان رەوتی سەدر، تەنیا دەبێتە هۆی دروستبوونی حوکمڕانییەکی ئیفلیج و کەمئەندام. مێژووی نزیکیش سەلماندی ئەوانەی وەهمی ئەوەیان هەبوو بە تەنیا عێراق بەڕێوە ببن و پارتی پەراوێز بخەن، لەکۆتاییدا خۆیان پەراوێزخران و دەرکران، لەکاتێکدا پارتی بەهێزی و پێگەی خۆی پاراست.
یەکێکی دیکە لەو دۆسیە ئاڵۆزانەی کە حیکمەتی سەرۆک بارزانی تێیدا دەردەکەوێت، پرسی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا و مەترسیی پێکدادانی ناوخۆییە. ئەگەرچی یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە بە ئاشتییانە زۆر سەختە و رەنگە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ نەکرێت بەهۆی سوودمەندبوونی هەندێک لایەن لەو پشێوییە، بەڵام چارەسەرکردنی زەروورەتە. پێویستە سەرجەم چەکەکان بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت و تەنیا بە فەرمانی فەرماندەیی باڵا بجووڵێنرێن.
بەهۆی ئەو هۆشمەندییەی کە لەسەر ئاستی جیهانی هەیەتی، سەرۆک بارزانی هۆشدارییەکی زەنگئاسا دەداتە عێراق سەبارەت بە لێکەوتە نێودەوڵەتییەکان. ئەگەر پرسی ئەو گرووپە چەکدارانە چارەسەر نەکرێت، عێراق رووبەڕووی سزای ئابووریی سەختی واشنتن و دابڕان و گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی دەبێتەوە کە باجەکەی بۆ تەواوی وڵات زۆر قورس دەبێت. گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەکانی سەرۆک بارزانی و جێبەجێکردنی ئامۆژگارییەکانی، تاکە قەڵغانی پارێزەرە کە دەتوانێت عێراق و هەرێمی کوردستان لە لێواری ئەم گێژاوە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییە بپارێزێت و ئارامییەکی رێژەیی بۆ ناوچەکە دەستەبەر بکات.